کوردستان.. سبەی شەو باران دەبارێت
ئەمڕۆ چوارشەممە، شارەزایەکی بواری کەشناسی رایگەیاند، سبەی شەو لە چەند ناوچەیەک ئەگەری بارانبارین هەیە.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاویکردەوە، لە سبەی پێنجشەممەوە پێشبینیدەکرێت پلەی گەرمی بەراورد بە رۆژانی رابردوو، بە رێژەی 3 تا 4 پلە بەرزببێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سبەی لە کاتەکانی نیوەڕۆوە نزمە پاڵەپەستۆیەکی لاواز لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە روو لە ناوچەکانی سوریا، رۆژئاوای عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و ئەگەری دروستبوونی ناجێگیرییەکی لاواز لە بەرگەهەوای ناوچەکەدا دەبێت، بەتایبەت لە کاتەکانی ئێوارەوە بۆ شەو، ئاسمانی هەرێم بە زۆری دەگۆڕێت بۆ پەڵەهەور و نیمچەهەور.
ووتیشی، لە هەندێک شوێنی سنووری پارێزگای نەینەوا، هەولێر و ئیدارەی سۆران، ئەگەر هەیە هەندێک کات بارانێکی کەم ببارێت لەگەڵ چالاکبوونی هەورەبروسکە؛ بەگشتی بڕی بارانەکە کەم دەبێت و لە هەموو شوێنێکدا نابارێت، کاریگەرییشی لەسەر ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نابێت. لە درەنگانی شەودا، ئەو حاڵەتە ناجێگیرە لە بەرگەهەوای ناوچەکەدا لاوازتر دەبێت و ئەگەری بارانبارین نامێنێت.
ئەو شارەزایە پێشبینیشدەکات، تاوەکو ئێوارەی رۆژی هەینی، ئاسمانی ناوچەکە ناوبەناو پەڵەهەوری تێدا دروستببێت و هەندێک کاتیش نیمچەهەور دەبێت، پاشان کاریگەرییەکەی کۆتایی پێدێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە کۆتاییەکانی ئەم مانگە بۆ سەرەتای مانگی داهاتووش، بارستەهەوایەکی سارد زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە دەگرێتەوە، کە لەوکاتەدا، ئەگەری بارانێکی مامناوەندیش بۆ ناوچە شاخاوییەکانی سنووری ئیدارەی سۆران و باکووری هەرێم، هەیە.
