کوردستان ... یەکێتی زانایانی ئاینی داوا لەهاوڵاتیان دەکات ئاسانکاری بۆ مارەیی ئافرەتان بکەن
ئەمڕۆ یەکشەممە ،یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان داوای لە هاوڵاتییان کرد، ئاسانکاری بۆ مارەیی ئافرەتان بکەن و رەچاوی بارودۆخ و قۆناغەکە بکەن.
لە پەیامەکەی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستاندا هاتووە، بەهۆی ئەوەی ئێستا نرخی زێڕ زۆر بەرزبووەتەوە و رۆژ بەرۆژیش نرخەکە زیاتر بەرزدەبیتەوە، داوا لە هاوڵاتییان دەکەن کارئاسانی بۆ مارەیی بکەن، ئیسلام بۆ مارەیی هیچ ئەندازە و شتێکی دیارینەکردووە، بەڵکو هەر شتێکی گونجاو و شایستە ئاسایی بکرێتە مارەیی مەرج نییە تەنها زێڕ بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، گیانی هاوکاری و یارمەتیدان و رەچاوکردنی خزمایەتی و کارئاسانی بۆ گەنجان بەشێکی دیندارییە و ئەم پرۆسەیەش چەندە بە ئاسانکارییەوە ئەنجام بدرێت بەختەوەری زیاتری خێزانی و ئاشتی کۆمەڵایەتی زیاتری بە دواوەیە.
یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان، روونیدەکاتەوە، مارەیی مافێکی ئاینی ئافرەتە، بەڵام پێغەمبەر (درودی خوای لێ بێت) ئاماژەی بەوە داوە، کە بە خێرترین پرۆسەی مارەبڕین ئەوەیە مارەییەکەی کەم بێت.
