کوێستان محەمەد: هیچ موچەیەکی خانەنیشنانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان نەفەوتاوە
موچەی خانەنشینانی کەرتی تایبەت بۆ مانگەکانی یەک و دو دابەش دەکرێت، وەزیری کارو و کاروباری کۆمەڵایەتیش دەڵێت: ئەوانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کراون و خانەنشین بون، بەبێ دواکەوتن موچەی مانگانەی خۆیان وەردەگرن.
کوێستان محەمەد، وەزیری کارو و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەڵەبجە ڕایگەیاند؛ ئەو کارمەندانەی کەرتی تایبەت کە لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی خانەنشینن، دو مانگ جارێک موچەی هەردو مانگەکە بەبێ دواکەوتن وەردەگرن.
وتیشی: ساڵی ڕابردو ئەو کەسانەی بەبێ دواکەوتن موچەی سەرجەم مانگەکانیان وەرگرتوە.
وەزیری کارو و کاروباری کۆمەڵایەتی باسی لەوەشکرد، لە ڕێگەی سەنتەری ڕاهێنانی پیشەی لە پارێزگای هەڵەبجەدا 25 خولی ڕاهێنانیان کردوتەوە و زیاتر لە 300 گەنج سودمەند بون لە خولەکانیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین وەرشە و خولی نوێ دەکەنەوە لە هەڵەبجە کە هاوکار دەبن بۆ ڕەخساندنی هەلی کار لە پارێزگاکە.
