کۆبانێ: وێرانکردنی ژێرخانەی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە تاوانی جەنگە
مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا لەبارەی بۆردوومانەکانی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، “لە ماوەی 72 کاتژمێری رابردوودا تورکیا ناوچە پارێزراوەکانی ئێمەی بە زیاتر لە 145 شوێن و ناوچە بۆردومان کرد، لەوانە وێستگەی کارەبا و وزە، ئاو و نەخۆشخانە و قوتابخانەکان”.
جەنەراڵ کۆبانێ راشیگەیاند، "هێرشەکەی ئەم دواییەی تورکیا ڕاستەوخۆ هەوڵ و تواناکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری کردە ئامانج بە مەبەستی سیاسەتی دوژمنکارانە بۆ لەناوبردنی توانای ژیانی مەدەنی و بە ئامانجکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و کاری ئەو ڕێکخراو و دامەزراوانەی کۆمەڵگەی مەدەنی کە کاریان دەکرد بۆ دامەزراندنی سەقامگیری و خزمەتکردنی دانیشتوانی ناوچەکە دوای شکستی داعش".
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە لە کۆتایی پەیامەکەی وتی: “وێرانکردنی ژێرخانەکان بە تاوانی جەنگ دادەنرێت و ناتوانرێت وەک شتێکی کەمتر وەسف بکرێت”.
