کۆبوونەوەیەکی حکومی بە سەرۆکایەتی سودانی بۆ بەدواداچوونی ڕێگای گەشەپێدان و چارەسەرکردنی بەربەستەکانی جێبەجێکردنی
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووه بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کرد، بە ئامادەبوونی وەزیری گواستنەوە و سەرۆکی دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکار و نوێنەری کۆمپانیای (ئۆلیڤەر وایمان) ، ڕاوێژکاری پڕۆژەکە.
وتیشی سودانی جەختی لە سەر گرنگی بەرچاوی پڕۆژەکە و ڕەهەندە جیۆپۆلەتیکی و گەشەپێدان و ئابووری و وەبەرهێنانەکانی بۆ عێراق کردەوە، و سەرجەم لایەنە بەشداربووەکانی پڕۆژەکەی ڕاسارد کە سەرجەم کارە ڕاسپێردراوەکان بۆ تەواوکردنی قۆناغی یەکەمی ڕێگای گەشەپێدان لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا تەواو بکەن، هەروەها وەزارەتی پلاندانانی ڕاسپارد بۆ دروستکردنی پێکهاتەیەکی تایبەت بۆ ئامادەکارییەکانی پەیوەست بە پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و ئامادەکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، بابەتەکانی پەیوەست بە بەڕێوەچوونی کارکردن لە پێکهاتە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە، لەوانە تەگەرەکان کە کاریگەرییان لەسەر پێشکەوتنەکان هەیە، وەک شوێنەوارەکان یان کێڵگەکانی مین و ئەوەی پەیوەستە بە خاوەندارییەتی زەوییە گشتی و تایبەتەکان تاوتوێ کران، هەروەها باس لە پێشهاتەکانی پڕۆژەی بەندەری فاوی گەورە کرا و پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتی دارایی و ئابووری کرا کە لەلایەن ڕاوێژکاری پڕۆژەکەوە، (ئۆلیڤەر وایمان) ئامادەکرابوو.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە خاڵی کۆتایی دەرچوون بۆ ئەو ڕێگایەی کە عێراق بە تورکیا دەبەستێتەوە کرا و لیژنەیەکی وەزاری بۆ دیاریکردنی ڕێگا و خاڵی پەڕینەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە.
