کۆلێژێکی ئێرلەندی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا ئیسرائیلیەکان دەپچڕێت
کۆلێژی ترێنیتی دوبلن لە وڵاتی ئێرلەندا ڕۆژی چوارشەممە (8ـی ئایاری 2024) ڕایگەیاند کە ڕازی بووە واز لە "کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان بهێنێت کە چالاکییان هەیە لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە لیستی ڕەشدان"، ئەمەش دوای داواکارییەکانی ئەم دواییانەی ئەو خوێندکارانەی کە خۆپیشاندانیان کرد بۆ هاوکاریکردنی ئەو فەڵەستینییانەی کە ڕووبەڕووی شەڕ لە کەرتی غەززە دەبنەوە.
لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی کۆلێژی ترێنیتی بڵاوکرایەوە هاتووە، "کەمپەکە و گەمارۆدانی کەمپی کۆلێژی ترینیتی دوبلن ئەمرۆ کۆتایی دێت دوای گفتوگۆی سەرکەوتوو لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی باڵای زانکۆکە و خۆپیشاندەران".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە زانکۆکە تا مانگی حوزەیران پرۆسەی دەرکردنی ئە کۆمپانیایانە تەواو دەکات دوای ئەوەی گەیشتە ڕێککەوتنێک لەگەڵ خۆپیشاندەراندا.
کۆلێژی ناسراوی ترێنیتی لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردۆتەوە کە لە لیستی دابینکەرەکانی لە ئێستادا تەنها یەک کۆمپانیای ئیسرائیلی تێدایە کە تا مانگی 3ـی ساڵی 2025 بەهۆی گرێبەستەوە دەمێنێتەوە.
بڕیارەکەی زانکۆی ئێرلەندا دوای خۆپیشاندانێکی ئاشتیانەیە کە لە هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 40 چادری خوێندکاران لە چواردەوری زانکۆکە هەڵکران بە ئامانجی ڕاگرتنی پەیوەندییەکانی کۆلێژەکە و کۆمپانیا ئیسرائیلیەکان دێت.
