کۆمسیۆن بۆ دانیشتوانی ناوچە دابڕێندراوەكان: نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران تەنها 15 ڕۆژی ماوە
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئاگاداریی بەپەلەی دانیشتوانی ناوچە دابڕێندراوەكان دەكات كە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران تەنها 15 ڕۆژی ماوە و لە 25ـی (نیسان/4) كۆتایی دێت، دەشڵێت، دەنگدەرانی سنوری پارێزگای (کەرکوک، سەڵاحەدین و نەینەوا) دەتوانن لە پارێزگایەکی دیکەوە خۆیان بگوازنەوە بۆ ئەم پارێزگایانە یان بەپێچەوانەوە، بەو مەرجەی فۆرمی خۆراکیان پێش (كانونی یەكەم/12)ـی 2013 گواستبێتەوە".
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بڕیاری لەبارەی ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی دەرکرد، كە بۆ ماوەی یەک مانگە لە 25ـی (ئازار/3)ـی 2025ـەوە دەستیپێكرد و لە ڕۆژی 25ـی (نیسان/4) كۆتایی دێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران، تۆمارکردن بۆ یەکەمجار (التسجیل لأول مرة) لەخۆدەگرێت، كە ئەوانەی هەتا ئێستا بەهەر هۆكارێك خۆیان تۆمار نەکردوە دەتوانن خۆیان تۆماربکەن. هەروەها زیادکردن (الاضافة) لە خۆدگرێت كە ئەو دەنگدەرانەی کە لەدایکبوی 2007 بەرەو خوارەوەن دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن.
بەگوێرە ڕاگەیەندراوەكە، لە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا دەتوانرێت گۆڕانكاری (التغییر) بكرێت، ئەو دەنگدەرانەی کە خوازیارن بنکەی دەنگدانیان لەسنوری نێو پارێزگا بگۆڕن لە بنکەیەکەوە بۆ بنکەیەکی دیکە. بەڵام ئەگەر دەنگدەر بیەوێت لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە خۆی بگوازێتەوە، ئەوە پێویستە فۆڕمی خۆراکی (2021 – 2022)ی ئەو پارێزگایەی هەبێت کەخوازیارە خۆی بۆ بگوازێتەوە.
ئەوەشیخستەڕو، دەنگدەرانی سنوری پارێزگای (کەرکوک، سەڵاحەدین و نەینەوا) دەتوانن لەپارێزگایەکی دیکەوە خۆیان بگوازنەوە بۆ ئەم پارێزگایانە یان بەپێچەوەانەوە، بەو مەرجەی فۆرمی خۆراکیان پێش ڕێکەوتی 9ـی (كانونی یەكەم/12)ـی 2013 گواستبێتەوە بۆ ئەو پارێزگایەی کە نیازن خۆیانی بۆ بگوازنەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لەهەمو پارێزگاکان دەنگدەر بۆ هەیە خێزانی بگوازێتەوە بۆ بنکەی دەنگدانی خۆی، بەو مەرجەی گرێبەستی هاوسەرگیری هەبێت. هەروەها منداڵ (کوڕ یان کچ ) کە هاوسەرگیرییان نەکردبێت ئەتوانن خۆیان بگوازنەوە بۆ شوێنی دەنگدانی سەرۆکی خێزانەکەیان.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی باسی لەوەشكردوە، نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدان ڕاستكردنەوە (التصحیح) لە خۆدەگرێت، بەوەش ئەو دەنگدەرانەی کە کێشەیان هەیە لەناوەکانیان یان لەڕێکەوتی لەدایکبونیان یان لە وێنەی سەر کارتەکانیان یانیش کێشە لەکارتەکانیان، دەتوانن سەردانی بنکەی تۆمارکردن بکەن بۆ ڕاستکردنەوەی داتاکانیان. هەروەها سڕینەوە (الحذف) ئەنجامدەدرێت بۆ ئەو كەسانەی كە كۆچی دواییان كردوە.
