کۆميسیۆن: زياتر لە ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار کەس داتاكانیان نوێكردووەتەوە
کۆميسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، زياتر لە ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار کەس داتاكانیان نوێكردووەتەوە و ماوەی مانگێکیان درێژکردەوە، کە لە ١٤ـی حوزەیران کۆتایی دێت، کە درێژترین ماوەیە تا ئێستا کۆميسیۆن ئەنجامیدابێت.
ئەمڕۆ هەینی ٢٣ـی ئایاری ٢٠٢٥، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆميسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی داتاکانیان نوێ دەكەنەوە بەردەوام لە زیادبوندایە، تا کۆتایی هەفتەش ژمارەکە ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵمەتی میدیایی و تیمە گەڕۆكەكان، رۆڵیان هەبوو لە زیادکردنی رێژەی نوێکردنەوەی بایۆمەتری، ئەوەش کۆمسیۆنی هاندا بۆ درێژکردنەوەی ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بە لە بەرچاوگرتنی زۆری داواکارییەکانی هاوڵاتیان.
باسی لەوەشکرد، ماوەی مانگێکیان درێژکردەوە، کە لە ١٤ـی حوزەیران کۆتایی دێت، کە درێژترین ماوەیە تا ئێستا کۆميسیۆن ئەنجامیدابێت.
وتیشی، ناوەندەکانی تۆمارکردن رۆژانە پێشوازی لە هاوڵاتیان دەکەن، تەنانەت لە کۆتایی هەفتەشدا هەینی و شەممە، بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێت بە فەرمانبەران و کرێکارانی کەرتی تایبەت لە رۆژانی پشوودا سەردانی ناوەندەکانی تۆمارکردن بکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، ناوەندەکانی تۆمارکردن بەشێوەیەکی پێویست کارمەندیان هەیە، بۆیە سەردانی هاوڵاتیان بۆ ناوەندەكە لە ١٠ بۆ ١٥ خولەک زیاتر ناخایەنێت.
