کەناڵێکی سعودی لە بەغداد داخرا دوای ئەوی سەرکردەکانی حەماس بە "تیرۆرست" ناوبرد
لایەنگرانی گروپەكانی ناسراو بە مقاوەمەی عێراق لە بەغداد بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ھەڵیان کوتایە سەر نوسینگەی کەناڵی "ئێم بی سی" سعودی، لە گەرەکی جامیعەی بەغدادی پایتەختی عێراق، دوای بڵاوبونەوەی بەرنامەیەک لەو کەناڵە کە مقاوەمەی ئیسلامی بە میحوەری مقاوەمەی ئێران ناوبردبوو و سەرکردەکانی حەماس ئیسماعیل هەنیە و یەحیا سینوار بە تیرۆرست ناوبردبوو.
خۆپیشاندەران بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەو کەناڵە سەرکردەکانی مقاوەمەی فەڵەستین و عێراق و لوبنانی بە تیرۆرست ناوبردووە.
دوای بانگەشەی هەڵکوتانەسەر ئەو کەناڵە، ھێزە ئەمنییەکان لە بەغداد رێگای سەرەکی کەناڵەکەیان داخست و مستەفا سەنەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، کەناڵی ئێم بی سی لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتی دەکرێت و ئیدانە و سوتاندنی بەس نییە و ھیچ شوێنێکی لە عێراق نییە و کار لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەی دەکات لە پەرلەمان.
نزیکەی کاتژمێر 2:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، لایەنگرانی گروپەكانی مقاوەمەی ئیسلامی توانیان بچنە ناو نوسینگەی کەناڵەکە لە بەغداد و کەرستەکانی ئەو کەناڵەیان تێکشکاند و دوای پۆستەرێکیان لەسەر دەرگای کەناڵەکە جێگیرکرد کە تێیدا نوسراوە، “داخراوە بە فەرمانی گەل”.
