کەنەدا و فڕەنسا سەرکۆنەی هێرشەکەی کێڵگەی کۆرمۆر دەکەن
باڵیۆزخانەی کەنەدا و فڕەنسا رایانگەیاند، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێلگەی غازی کۆرمۆر دەکەن، کە بە هۆیەوە ملیۆنان کەس بەم وەرزی زستانە بێ کارەبا بون.
باڵیۆزخانەی کەنەدا لە بەغدا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەن کە کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان، هێرشکردنە سەر خەڵک و ژێرخانی هەرێمی کوردستان قبوڵنەکراوە، "دڵمان لەگەڵ هەمو ئەو خێزانانەیە کە کارەبایان نییە، لەم زستاندا."
هەر لەو بارەیەوە باڵیۆزخانەی فڕەنسا رایگەیاند، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەن کە لە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر کەوتەوە و پرۆسەی بەرهەمهێنانی کارەبا گرفتی بۆ دروستبو.
ئاماژە بەوەشکراوە، هێرشکردە سەر ژێرخانی ئابوری شارێک کە هەمو عێراقییەکان سودی لێدەبینن، دەبێتە دەستدرێژییەکی دیکە بۆ سەر سەقامگیری هەرێمی کوردستان و ئاڵۆزی قبوڵنەکراو دروست دەکات.
باس لەوەشکراوە، فڕەنسا شان بەشانی گەلی عێراق و کاربەدەستەکانی، بە هەمان شێوە لەگەڵ کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتییەکانی دەوەستێتەوە.
