گرووپە چەکدارە توندڕەوکانی سووریا ماڵی مام جەلال لە دیمەشقی پایتەختی سووریا داخست
سەرتیپ جەوهەر، نوسەری دیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاندووە، شەوی دوێنێ هەینی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا هێزێکی سەر بە گرووپە توندڕەوەکانی هەڵگەڕەوکانی نزیک لە تورکیا چوونەتە سەر ماڵی مام جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق و سەرۆکی یەکێتیی لە گەڕەکی مەزرەعەی دیمەشق و پشکنیان بۆ کردووە و دوای ئەوەش کلیلەکەیان بردووەو رۆیشتوون و لە ئێستادا ماڵەکەی داخراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە مانگی ڕابردوو گرووپە چەکدارە توندڕەوکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا نزیک لە تورکیا بەسەرکردایەتی ئەحمەد شەرع ناسراو بە (ئەبو محەممەد جۆلانی) کە پێشووتر ئەندامی دیاری کرووپی چەکدارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی - داعش بووە توانیان تەواوی سووریا لەدەست ڕژێمی بەعسی سووری بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد دەربهێنن و دەسەڵاتی سووریایان گرتەدەست.
زانیاری زیاتر...
ڕژێمی بەعسی سووریا بەسەرۆکایەتی بەشار ئەسەد دوای 61 ساڵ لەگرتنی دەسەڵاتی سووریا، ڕووخا، ئەوەش لەداوای 61 ساڵ حکومڕانی لەلایەن گرووپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە ڕووخا.
حزبی سۆسیالیستی عەرەبی "بەعس" لە ساڵی 1963 لەڕێگای کودەتایەوە ھاتە سەر دەسەڵات و حافز ئەسەد باوکی بەشار ئەسەد لە ساڵی 1970 بە کودەتایەکی ناو حزب دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت و لە ساڵی 1971 بوو بە سەرۆکی سووریا.
بەشار ئەسەدی کوڕی لە ساڵی 2000ەوە دوای مردنی باوکی، بوو بە سەرۆکی ڕژێمی بەعس و دەسەڵاتی لە سووریا گرتەدەست.
دواجار ڕۆژی یەکشەممە 8ـی کانوونی یەکەم دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و بەعس دوای 61 ساڵ حوکمڕانی لە سووریا لە تەواوی وڵاتەکە ڕووخا، ئەوەش دوای ئەوەی گرووپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکان دیمەشقی پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد و کۆشکی سەرۆکایەتی، هەروەها تەلەفزیۆنی فەرمی سووریا گرتەدەست.
