گۆڕانکاری لە پۆستە باڵاکانی فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی
عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆ، ئەمڕۆ شەممە، ژمارەیەک گۆڕانکاری لە پۆستە باڵاکانی فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵیدا ئەنجامدا.
وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە، بڵاویکردەوە شەمەری "عەمید هیشام خەلیفەی بۆ پۆستی فەرماندەی فیرقەی دووی پۆلیسی فیدراڵی ڕاسپاردووە". لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، شەمەری "عەمید جاسم تاهیری ڕاسپاردووە بۆ فەرماندەیی فیرقەی یەکەمی فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی".
ڕۆژی چوارشەممە، سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاویکردەوە، ژمارەیەک ئەفسەر ئەرک و پۆستی نوێیان لە ناو وەزارەتی ناوخۆدا پێسپێردراوە. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "لیوا عەباس زامیلی وەک ڕاوێژکاری وەزیری ناوخۆ بۆ هەواڵگری پارێزگاکان دەستنیشانکراوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "هەروەها لیوا عیرفان چەلوب وەک بەڕێوەبەری هەواڵگری بەسرە دەستنیشانکراوە".
هەر بەپێی سەرچاوەکە گۆڕانکارییەکان بریتیش بوون ،لە "ڕاسپاردنی عەمید نەبیل کینانی بۆ پۆستی بەڕێوەبەری ئاسایشی گەشتیاری، و ڕاسپاردنی لیوا عەباس بەتی بۆ پۆستی بەڕێوەبەری هەواڵگریی بەغدا/ کەرخ".
