گیان لەدەستدانی 20 ئاوارەی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی موشەکی هێزەکانی سوپای ئیسرائیلدا بۆسەر ئاوارە فەڵەستیینیەکان زیاتر لە 20 کەس گیانیان لە دەستدا و 150 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەشرەف ئەلقەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە رایگەیاند، هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە رێگەی هێرشی موشەکییەوە کۆمەڵێک ئاوارەی فەڵەستینیان کردە ئامانج و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 20 فەڵەستینی و برینداربوونی 150 کەسی تر.
ئاماژەی بەوەش کردووە ، ئاوارە فەڵەستینییەکان لە خاڵی یەکگرتنی کوێت لەسەر رێگای سەڵاحەدین چاوەڕێی ئەو بارهەڵگرانە بوون کە لە رەفاوە دەهاتن و هاوکاری مرۆییان لەخۆ گرتبوو.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 26 هەزار کەس لەکەرتی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە کە زۆرینەیان منداڵ و ژن بوون و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە نزیکەی 63 هەزار و 740 کەس.
