گەرمیان ... كەسێك دو برا دەكوژێت و دواتر خۆیشی دەكوژێت
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، لە گوندێكی ناوچەكە، لەسەر كێشەی "پوش و پەڵاش" كەسێك بەچەكەوە چۆتە سەر خانەوادەیەك و دو كەسی لێكوشتون كە بران و شۆفێری تراكتۆرێكیشی برینداركردوەو پاشان خۆیشی كوشتوە.
پۆلیسی گەرمیان، لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەمە لەگوندی 'سەیبێ خان' سەربەناحییەی شێخ تەویل لەسەر کێشەی پوش و پەڵاش کەسێک بەچەکەوە چۆتە سەر خانەوادەیەک کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی پوش و پەڵاشی جاڕەکەیان بون و بەچەکی جۆری کڵاشینکۆف دو کەسی بەناوەکانی (فەرهەنگ جەزا محەمەد) لەدایکبوی 2004 و (محەمەد جەزا محەمەد) لەدایکبوی 1999 کە برای یەکترن بەفیشەک کوشتوەو شۆفێری تراکتۆرەکەشی بریندارکردوە و لەکۆتاییشدا فیشەکی بەخۆیەوە ناوەو خۆشی کوشتوە."
پۆلیس وتوشیەتی، سەرجەم کوژراوەکان دانیشتوی هەمان گوندن و لەئێستادا تەرمەکان بەمەبەستی توێکاری هێنراونەتە پزیشکی دادی قەزای کەلار و دوای چارەسەری پێویست بریندارەکە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، پۆلیس چونەتە شوێنی ڕوداوەکەو لەسەر هۆکارو چۆنێتی ڕوداوەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردوە.
