یادی کۆچی دوایی هونەرمەندی نێوبانگی کورد ئەردەڵان بەکر تێدەپەڕێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە یادی کۆچی دوایی هونەرمەندی نێوبانگی کورد ئەردەڵان بەکر تێدەپەڕێت.
دەرباز کۆسرەت رەسول، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو یادەدا نوسیویەتی، ئەمڕۆ 15 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەندی جوانە مەرگ کاکە ئەردەڵان بەکردا تێپەڕدەبێت.
دەرباز کۆسرەت رەسول دەشڵێت: ئەردەڵان، جگە لە هونەرە مەزنەکەی، خاوەن هەڵوێست و بەوەفابوو، ئەو لە پۆلی پێشمەرگەی شەهیدی قارەمان مەلا سلێمان بوو، کوڕی هەولێرو یەکێتی و کوردستان بوو.
15 ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی (10ی تشرینی یەکەمی 2009)، هونەرمەندی گۆرانیبێژ ئەردەڵان بەکر، پاش نزیکەی 25 ساڵ لەکاری هونەری لەتەمەنی 43 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەی کارۆلینسکای لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.
کورتەیەک لە ژیانی ئەردەڵان بەکر…
ئەردەڵان بەکر یەکێک بوو لە هونەرمەندە دیارەکانی کورد و لەماوەی ژیانیدا چەندین ئەلبوم و ڤیدیۆ کلیپ و کۆنسێرتی گۆرانی ئەنجامدا.
ئەو هونەرمەندە چەندین ئەلبوومی تۆمارکراوی هەیە لەوانە "کچی گاور، بێزاریە، هەورامان، زۆر ئەترسم، خەونێک بوو".
ئەردەڵان بەكر لەساڵی 1967 لە هەولێر لەدایکبووە و لەتەمەنی 18 ساڵیدا بەشداری لە ڕیزەکانی پێشمەرگە کردووە، لەساڵی 1986 یەکەم کاسێتی گۆرانی بڵاوکردووەتەوە و لە ساڵی 1989 لەلایەن ڕژێمی بەعس دەستگیردەکرێت، دوای ئازادبوونی لە ساڵی 1991 چووەتە وڵاتی سوید، لە ساڵی 1993 یەکەم ئەلبوومی لە وڵاتی سوید بڵاوکردوەتەوە، لەماوەی ژیانی هونەریدا پێنج ئەلبوومی گۆرانی بەرهەمهێناوە، لەرۆژی (10ی تشرینی یەکەمی 2009) لە وڵاتی سوید بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد، رۆژی 14ی تشرینی یەکەمی 2009 لە مەراسیمێکدا لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە شاری هەولێر بەخاکسپێردرا.
