یاریزانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دی ماریا هەڕەشەی لێکرا
دی ماریا پەیامێکی هەڕەشە ئامێزی بۆ نێردراوە و پۆلیسی ئەرجەنتینیش لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.
پۆلیسی ئەرجەنتین بڵاویکردەوە، ئێوارەی دووشەممە پەیامێکی هەڕەشە ئامێز بۆ ئەنخێل دی ماریای ئەستێرەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان نێردراوە.
ئاماژەیان بەوەشداوە، پەیامەکە لە دەرگای چوونە ژوورەوەی ناوچەی داخراوی فۆنێس لە شاری رۆزاریۆ دانراوە لە ئوتومبێلێکەوە فڕێدراوەتە ئەو شوقەیەی کە دی ماریا خاوەنیەتی.
رونیشیانکردووەتەوە، بەهۆکاری سەلامەتی هەستی هەمووان تا رێکخراوە تاوانکاریەکان سوودی لێنەبینن ناتوانن ناوەرۆکی پەیامە هەڕەشە ئامێزەکە بڵاوبکەنەوە بەڵام دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و پەنجە مۆر و وێنە و کامێراکانی چاودێری بەکاردەهێنن بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە ئەو کارەیان کردووە.
لەلایەکی ترەوە، راپۆرتە میدیاییەکانی ئەرجەنتین ئاشكرایانکرد، لە ناوەرۆکی پەیامەکەدا بۆ دی ماریا نوسراوە کە تەنانەت ماکسیمیلیانۆ پۆلارۆی پارێزگاری ئەو ناوچەیەش رزگارت ناکات کە لە دوو ساڵی رابردوودا بە ئاشکرا وتبوی شەڕ دەکات دژی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر.
