یارەڵا:لیژنەی باڵا هەمو 15 رۆژێک کۆبونەوەیەک ئەنجام دەدات بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکی هێزی هاوپەیمانان
سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق رایگەیاند، لە کۆبونەوە و گفتوگۆکانیان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کار بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکی هێزی هاوپەیمانان دەکەن بە شێوەی زنجیرەیی، لە ئێستادا هێزی هاوپەیمانان ئەرک و ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە عێراق ئەنجامنادات، تەنها ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیان پێبەخشراوە.
عەبدولئەمیر یارەڵا سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە رۆژەکانی 6 بۆ 8ی مانگی (ئاب/8)ی ساڵی ساڵی 2023، وەزیری بەرگری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، سەرۆکی دەزگای بەرەنگاربونەوەی تیرۆری عێراق و سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە سەردانی واشنتنیان کرد و چەندین دۆسییەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا تاوتوێ کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لەو دۆسیانەی باسکران کۆتایی هێنانبو بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی باڵای هاوبەشی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێکهێنرا بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیە بە دیاریکردنی چەند وادەیەک.
عەبدولئەمیر یارەڵا ئەوەشی خستەڕو، محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوای کرد بگەرێنەوە و لەسەر راسپاردەی ئەو، لیژنەکە بە سەرۆکایەتی یارەڵا پێکهێنرا، ئەندامەکانیشی بریتیبون لە ژمارەیەک ئەفەسەری ئەو شاندەی سەردانی ئەمریکایان کرد، لە بەرامبەردا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەرۆکایەتی لیژنەکەی بەخشی بە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا.
باسی لەوەشکرد، لە دوای دانیشتنی یەکەمی هەردو لیژنە کە محەمەد شیاع سودانیش بەشداربو تێیدا، سێ لیژنەی دیکە پێکهێنرا، یەکەمیان تایبەتبو بە هەڵسەنگاندنی تواناکانی ئێستای داعش، دوەمیان لیژنەیەکی ژینگەیی بو بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆنەکان، سێیەم لیژنەش بۆ هەڵسانگاندنی توانای هێزە ئەمنییە عێراقییەکان بو.
سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق ئاشکرای کرد، هەمو 15 رۆژێک کۆبونەوەیەکی ئەو لیژنە هاوبەشانەی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت، کۆتا کۆبونەوەش لە هەفتەی رابردو بو، ئێستاش کۆبونەوەکان بەردەوامە و بە شێوەی زنجیرەیی کارەبارەکان بەرێوەدەبرێن، تا دەگاتە دیاریکردنی وادەکان بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق.
وتیشی، "لە کۆبوەنەوەکان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەڵامی داواکارییەکان و پێداویستییەکانی ئێمە دەداتەوە."
عەبدولئەمیر یارەڵا ئاماژەی بەوەشکرد، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەرکەکانی کەمکردوەتەوە و تەنها ئەرکی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی ئەنجام دەدات، وە هیچ هێزێکی زەمینی لە عێراقدا نەماوە کە تایبەت بێت بە هێزی هاوپەیمانان، ئەرک و ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانیش تایبەتە بە سوپا، حەشدی شەعبی، دەزگای دژە تیرۆر و پۆلیسی ئیتیحادی عێراق.
ئەوەشی خستەڕو، لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەرنج دەخەنە سەر لایەنی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و چالاکی هەواڵگری، بەڵام لە روی ئۆپەراسیۆنە زەمنییەکانەوە هێزە عێراقییەکان توانای بەرێکردنی ئەرکەکانیان هەیە و پێویستیان بە هیچ هێزێکی دیکە نییە بۆ پشتیوانیکردن و هاوکاریکردنیان.
