یەکگرتووی ئیسلامی: بچڕاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا زیانێکی گەوره بەعێراقییەکان دەگەیەنێت
فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ،ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیکردەوە کە بچڕاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و بژاردەی داخستنی باڵیۆزخانەکەی زیانێکی گەورە بە خەڵکی عێراق دەگەیەنێت، لە کاتێکدا عێراق بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت ،و عەرەبەکانیش پشتیوانی لە فەڵەستین و غەززە ناکەن.
دارا حەمە ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەئەنجومەنی نوێنەران لە لێداوانێکی بۆ ئاژانسی (موتەڵع) رایگەیاند:" دیپلۆماسییەتی عێراق، بەتایبەتی لەو ماوەیەی محەمەد شیاع سودانی دەسەڵاتی وەرگرتووە، زۆر باشتر بووە و لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتاندا کراوە و پێشکەوتن لەو بوارەدا هەیە."
ئاماژەی بەوەشکرد"عێراق بەچەندین بارودۆخی دژواردا تێپەڕی و ئەمریکا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە پشتیوانی عێراقیان کرد لە شەڕی دژ بە داعش و تیرۆریزم، بۆیە پچڕانی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا یان داخستنی باڵیۆزخانەکەی یان نێردەکانی دیکە خزمەت بە بەرژەوەندی گەلی عێراق ناکات."
وتیشی " پێویستە بەرژەوەندی گەلی عێراق لەپێشینە بێت و پێش وەرگرتنی ئەوەی هەڵوێست و بڕیار" و ئاماژەی بەوەشکرد "ئەوەی لە غەززە و فەلەستین ڕوودەدات تاوانی جەنگە و ئێمە ئیدانەی دەکەین."
باسی لەوەشکرد " بۆچی وڵاتانی عەرەبی پشتیوانی لە فەڵەستین و غەززە ناکەن و سنوورەکانیان نەکردۆتەوە تەنانەت بۆ دابینکردنی یارمەتیش و هەڵوێستێکی ئەرێنییان نەبوو سەبارەت بەوەی لەوێ ڕوودەدات."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بژاردەی دیکە هەیە کە عێراق دەتوانێت پشتی پێ ببەستێت جگە لە بڕینی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا."
