یەکێتیی: ئامادەین ئەگەر هێزەکانی تر ئامادەن بۆ ئەوەی هاوپەیمانی پێکهێنانی حکومەت دروست بکەن
شنیار ئەنوەر، ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە لیستی یەکێتیی لە بڵاوکراوەیەکدا ئامادەیی یەکێتیی دەربڕی بۆ گفتوگۆ و هاوپەیمانی لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ و هێزەکانی تر بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم.
شنیار ئەنوەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی: "ئێمە ئامادەین، ئەگەر شاسوار و هێزەکانی تر ئامادەن بۆ ئەوەی لەگەڵمان هاوپەیمانی پێکهێنانی حکومەت دروست بکەن و پۆستی سەرۆکی حکومەت بگەرێنینەوە بەرەی خەڵک، ئەوە یەکێتی ئامادەیە، بەڵام بە جدی نەک تەنیا بۆ سۆشیاڵ میدیا".
ئەمەش لەکاتێکدا پێشتر لە رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، مەسرور بارزانی، جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی کۆبوونەتەوە.
هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، "کۆبوونەوەکە بە ئارامی بەڕێوەچووە و راشکاوانە بووە".
هەروەها دەشڵێت، ئەم کۆبوونەوەیە پەیوەندیدار بووە بە گفتوگۆکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان لەکاتێکی نزیکدا.
كلمات مفتاحية
- شنیار ئەنوەر
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
- هەرێمی کوردستان
- کابینەی دەیەم
- نەوەی نوێ
- پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم
