یەکێتیی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە لەوادەی دیاریکراوی خۆی
ئەمڕۆ سێشەممە، مەکتەبی سیاسیی یەكێتی بەسەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی حزبەكە لە دەباشان كۆبوەوەو بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، مەكتەبی سیاسی دیسانەوە جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕو پێشینەی یەکێتی کردەوە کە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە لەوادەی دیاریکراوی خۆی لە 10/6/2024.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی دوا ئامادەکارییەکان و بەرنامەی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی كراوەو "هەڤاڵان بەتێکڕا لەگەڵ پابەندێتیی هەمو لایەک بون بەو وادەیەی کە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێدراوەو کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئامادەکاری پێویستی بۆ کردوە".
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوەش، "کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسیی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و ئەزمونی دیموکراتی کوردستان کە خەونی لە مێژینەی گەلەکەمانەو خەباتێکی بێوچانی بۆ کراوە، هەروا جەختی لەسەر بەرێوەچونی هەڵبژاردنێکی ئازادو دیموکرات کردەوە کە پابەندبون بە وادە راگەیاندراوەکانی هەڵبژاردنیش بەشێکە لە ئاماژە جەوهەرییەکانی پاک و بێگەردی پرۆسەکە".
کۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دوپاتیشی کردۆتەوە كە "نوێکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتی هەرێم هەر لە رێی دەنگدانی گشتییەوە دەبێت و رەوایی نوێنەرایەتی گەلەکەشمان بۆ داکۆکی ماف و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانیش هەر بەو شێوەیە دابین دەبێت".
