شاندێکی پەرلەمانی عێراق سەردانی ئێران دەکات بۆ دۆزینەوەی ئەو منداڵە ونبووانەی شاری هەڵەبجە
چرۆ حەمەشەریف، پەرلەمانتاری یەکێتیی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "دۆسیەی منداڵە ونبووەکانی شاری هەڵەبجە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرزکردەوە و بڕیاردرا شاندێکی پەرلەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن بۆ دۆزینەوەی ئەو منداڵە ونبووانە".
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: لەسەر داوای ئێمە کۆبوونەوەیەک لەنێوان دەزگای شەهیدانی فیدراڵ و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتەکانی تەندروستی و شەهیدان و ئەنفالکراوەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و کونسوڵخانەی ئێران ئەنجامدرا بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی منداڵە ونبووەکان
بەگوێرەی، ئامارەکانمان 74 خێزان چاوەڕێی دیاریکردنی چارەنووسی منداڵە ونبووەکانیان دەکەن کە ژمارەیان 211 منداڵی بێسەروشوێنن کە لەکاتی بۆردومانکردنی شاری هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی لە ساڵی 1988 چوونەتە کۆماری ئیسلامی ئێران.
