حوسییه‌كان: ئاماده‌ین بۆ ده‌ستوه‌ردان ئه‌گه‌ر تره‌مپ هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی له غه‌ززه جێبه‌جێبكات
مه‌هدی مه‌شات سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن ڕایگه‌یاند، هێزه‌كانیان ئاماده‌ن ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی بكه‌ن ئه‌گه‌ر "تره‌مپی تاوانبار" هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی له غه‌ززه جێبه‌جێبكات.
به‌پێی هه‌واڵی ئاژانسی هه‌واڵی سه‌با، مه‌هدی مه‌شات داوای كردوه "سبه‌ینێ ڕێپێوانێكی ملیۆنی له به‌رامبه‌ر بانگه‌وازی سه‌ید عه‌بدولمه‌لیك به‌دره‌دین حوسی، ڕێبه‌ری شۆڕشی حوسیه‌كان" ئه‌نجام بدرێت.
مه‌هدی مه‌شات جه‌ختیكرده‌وه كه "هێزه چه‌كداره‌كان ئاماده‌ن و ئاماده‌ن ڕێنماییه‌كانی ڕێبه‌ری شۆڕش جێبه‌جێ بكه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازیش بكه‌ن ئه‌گه‌ر تره‌مپی تاوانبار هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی له غه‌ززه جێبه‌جێبكات".
مه‌هدی مه‌شات داوای له گه‌لی یه‌مه‌ن و كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی كرد كه له ڕێپێوانێكی ملیۆن كه‌سی شه‌ره‌فمه‌ندانه له كاردانه‌وه به بانگه‌وازی حوسییه‌كان به‌شداری بكه‌ن.
پێشتر عه‌بدولمه‌لیك حوسی سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نساڕوڵای حوسییه‌كان له یه‌مه‌ن دوپاتیكرده‌وه كه ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا و ئیسرائیل پلانی ئاواره‌بونی خه‌ڵكی غه‌ززه جێبه‌جێبكه‌ن، ئه‌وا بزوتنه‌وه‌كه‌یان به هێرشی موشه‌كی و ئۆپه‌راسیۆنی ده‌ریایی ده‌ستوه‌ردان ده‌كات .
جه‌ختیكرده‌وه كه "ڕاگه‌یاندنی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له پلانه‌كه‌ی بۆ ئاواره‌بونی گه‌لی فه‌له‌ستین له خاك و نیشتمانیان، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی مافێكه قبوڵ ناكرێت".
