فوئاد حسێن بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتۆن
ئەمڕۆ هەینی،بەمەبەستی پتەوكردنی پەیوەندیەكان و چەند پرسێكی جێ گرنگی هاوبەش جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا.
وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریكا و لەو ماوەیەدا زنجیرەیەك دیداری دوو قۆڵی لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی باڵای ئیدارەی ئەمریكا ئەنجام دەدات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ئەم سەردانە لە چوارچێوەی پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان كۆماری عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دێت، هەروەها گەڕان بەدوای ڕێگاكانی پەرەپێدانی هاریكاری هاوبەش لە بوارەكانی سیاسی و ئەمنی و ئابووریدا، ئەمە جگە لە تاوتوێكردنی پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانی بەرژەوەندی هاوبەش.
لە درێژەی بەیاننامەكەدا هاتووە، بڕیارە وەزیر لە سەردانەكەیدا لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كۆببێتەوە، دیارترینیان ماركۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكایە، ئەوە جگە لە ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەگەڵ كەسایەتییە سیاسی و ئابوورییە دیارەكان.
