کۆبوونەوەیەکی باڵای حکومەت هێڵکاری داهاتووی کەرتی بانکی له عێراق نەخشە دەکات
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ دووشەممە جەختی لە کاریگەریی دەستەی بەڕێوەبەری بانکە حکومییەکان و بانکی ناوەندی عێراق کردەوە، بەو پێیەی کە پایەیەکی بنەڕەتی لە پڕۆسەی چاکسازی دارایی و بانکیدا پێکدەهێنن.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای کرد تایبەت بە دووبارە هەڵسەنگاندن و پێکهێنانی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرانی بانکەی حکومییەکان و بانکی ناوەندی عێراق.
وتیشی لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک ڕاسپاردە پەسەند کرا، هەروەها بابەتەکانی سەر کارنامەی لیژنەکە تاوتوێ کرا، کە تیشک دەخاتە سەر هەڵسەنگاندنی ئەدای ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرانی بانکە حکومییەکان و بانکی ناوەندی، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی چاکسازی لە کەرتی بانکی و داراییدا، و جەختکردنەوە لەسەر کاریگەری ئەنجوومەنی بەڕێوەبەران، کە کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە پرۆسەی چاکسازی دارایی و بانکیدا پێکدەهێنێت.
سودانی بەپێی ڕاگەیەندراوەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەنجوومەنی بەڕێوەبەران پێشەنگایەتی دەکات لە داڕشتنی ستراتیژ و دیدگاکان، کە ئاراستەی کاری بانکە حکومییەکان دەکرێت لەگەڵ پتەوکردنی پرەنسیپی شەفافییەت و بەرپرسیارێتی تێیدا، هەروەها پێویستە ئەو ئەنجومەنانە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ئاستەنگ و مەترسییە داراییەکان بکات کە ڕووبەڕووی بانکەکان دەبنەوە، سەرەڕای گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەزگا جیاجیاکانی حکومەت و کەرتی تایبەت، بەشێوەیەک بەشدار بێت لە جێبەجێکردنی سیاسەتی دارایی و گەشەپێدان کە پاڵپشتی ئابووری ناوخۆ دەکات.
