پزشکیان: ئێران هەر فشارێک بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکەی ڕەتدەکاتەوە
مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لەمیانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، هاوتا فەرەنسییەکەی جەختیشی لەوە کردەوە کە تاران کراوەیە بۆ گفتوگۆ و هاوکاری، بەڵام هەر گوشارێک بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکەی ڕەتدەکاتەوە و ڕایناگرن.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران (ئیرنا) ئەمڕۆ شەممە بڵاویكردەوە، پزشکیان لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، هاوتا فەرەنسییەکەی ڕایگەیاندوە كە وڵاتەکەی لە هیچ بارودۆخێکدا چالاکییە ئەتۆمییەکانی راناگرێت.
سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشكردوە، ئامادەن بۆ گفتوگۆ و هاوکاری بۆ دروست کردنی متمانە لە بواری چالاکییە ئەتۆمیەكەیان. بەڵام قبوڵ ناکەن چالاکییە ئەتۆمیەكانیان بۆ سفر لە هیچ بارودۆخێکدا کەم بکرێنەوە.
وڵاتانی ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە هەوڵی پەرەپێدانی توانا ئەتۆمییە سەربازییەکان دەدات، تاران بەردەوام ئەو تۆمەتە ڕەتیدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتیانە و لە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دایە.
