عێراق و توركیا لەبارەی پێكهێنانی لیژنەیەكی گومرگی هاوبەش بۆ بەرزكردنەوەی هاوكارییە بازرگانییەكان رێکەوتن
ئەمڕۆ چوارشەممە، عێراق و توركیا ڕێككەوتن لەباری پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەشی گومرگی عێراقی-توركی لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ بەرزكردنەوەی هاوكارییەكانی نێوان دەسەڵاتی گومرگی هەردوو وڵات، بۆ شداریكردن لە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەكان و ئاسانكاریكردن بۆ گواستنەوەی كاڵاكان لە دەروازە سنوورییەكان.
باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: ئەو ڕێككەوتنە لە میانی كۆبوونەوەیەكدا بووە كە لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا بەڕێوەچوو، بە سەرۆكایەتی سامی عەبدولحسێن ڕازی ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ دەروازە سنوورییەكان و گومرگی و گواستنەوە، و سیزای ئۆچارماك بریكاری وەزیری بازرگانی توركیا، لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا باسیان لە میكانیزمەكانی باشتركردنی كارایی كاركردن لە دەروازە سنوورییەكان و پەرەپێدانی هاوكاری گومرگی كرد.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: لە كۆبوونەوەكەدا باس لە ڕێگاكانی ئاسانكاریكردنی ڕەوتی بازرگانی و زیادكردنی توانای دەروازەكان و پشتگیریكردنی پڕۆژەكانی ژێرخانی پەیوەست بە بازرگانی و ترانزێتی دوولایەنە كراوە.
رونیشیكردەوە: هەردوولا پابەندبوونیان بە زیادكردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ 30 ملیار دۆلار و بەرزكردنەوەی وەبەرهێنانی هاوبەش و فراوانكردنی بوارەكانی هاوكاری لەڕێگەی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و دامەزراندنی دەروازەی گومرگی نوێ دووپاتكردەوە.
