نێچیرڤان بارزانی دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ده‌بێت ده‌ستور وه‌ك خۆی جێبه‌جێبكرێت
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌نێت، ده‌ستوری عێراق به ناو فیدڕاڵییه، به‌ڵام له ڕاستیدا هه‌مو شتێكه جگه له فیدراڵی و سه‌باره‌ت به‌موچه‌ش ده‌ڵێت، "دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، هه‌م ده‌بێت ده‌ستور وه‌ك خۆی جێبه‌جێبكرێت، هه‌م ده‌بێت كێشه‌ی موچه كۆتایی پێبێت".
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له میانه‌ی به‌شداریكردن له پانێلێك له په‌راوێزی دیداری مێری له هه‌ولێر کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ئه‌مڕۆ وتی، "سه‌ركردایه‌تیی كورد ئه‌وه‌ی پێویست بو بۆ بیانتنانی عێراقێكی نوێ كه‌مته‌رخه‌مییان نه‌كرد، ده‌ستوری عێراق ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره بو بۆ هه‌رێمی كوردستان نابێت به كه‌م سه‌یری بكه‌ین، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه بپرسێن ئایا ده‌ستور وه‌ك خۆی جێبه‌جێ كراوه؟ له وه‌ڵامدا بێگومان نه‌خێر تا ئێستا وه‌ك خۆی جێبه‌جێنه‌كراوه".
ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، "ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت عێراقێكی خۆشگوزه‌ران له ڕوی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری ببینین، مه‌رجی یه‌كه‌م پابه‌ندبونه به ده‌ستوری عێراق، گه‌وره‌ترین كێشه‌ی عێراق ئه‌وه‌یه تا ئێستا نازانرێت سیسته‌می وڵاته‌كه فیدراڵییه یان ناوه‌ندییه، عێراق له ناوه‌ڕۆكدا هه‌مو شتێكه ته‌نیا فیدڕاڵی نییه، ئه‌وه‌ی ئێستاش عێراق كه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات ناوه‌ندگه‌راییه‌كی زۆر به قوه‌ته".
باسی له‌وه‌شكرد، ""به باوه‌ڕبه‌خۆبونه‌وه پێموایه قوڵایی ستراتیژی هه‌رێمی كوردستان به‌غدایه، بۆیه ده‌بێت له‌گه‌ڵیاندا بگه‌ینه ئه‌نجام".
سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی وتی، "هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره زۆر گرنگه، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌ستپێكی قۆناغێكی نوێیه و بۆیه ده‌بێت هه‌مو عێراقییه‌كان ئه‌م پرسه زۆر به گرنگ بزانن و هه‌ست به‌و به‌رپرسیارێتییه بكه‌ن".
ده‌شڵێت، "ده‌بێت ئێمه وه‌ك كورد له‌و هه‌ڵبژاردنه به‌شدار بین ده‌بێت خۆمان بسه‌لمێنین، چونكه سه‌نگی كورد و یه‌كگرتنی كورد له به‌غدا سه‌رچاوه‌ی هێزه بۆ هه‌رێمی كوردستان".
سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌می حكومه‌تی هه‌رێم، نێچیرڤان بارزانی ڕونیكرده‌وه، "هه‌ڵبژاردنێكی زۆر سه‌ركه‌وتوانه له هه‌رێم به‌ڕێوه‌چو، ڕاسته پرۆسه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ زۆری خه‌یاندوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا گرنگه په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر باش له نێوان پارتی و یه‌كێتی هه‌یه.
ئاشكراشیكرد، "قۆناغی زۆر گرنگمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بڕیوه، دیدگای سیاسی خۆمان بۆ داهاتوی سیاسی ئه‌و وڵاته و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا، وه‌رقه‌یه‌كی هاوبه‌شمان دروست كردوه، له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ته‌نها ماوه له‌سه‌ر پۆسته‌كان له هه‌رێمی كوردستان ڕێكبكه‌وین".
ئه‌وه‌شی راگه‌یاند، "له‌و بڕوایادا نیم كه كابینه‌ی ده‌یه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ر له به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق پێبكبهێنرێت".
سه‌باره‌ت به پرسی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی وتی، "دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، هه‌م ده‌بێت ده‌ستور وه‌ك خۆی جێبه‌جێبكرێت، هه‌م ده‌بێت كێشه‌ی موچه كۆتایی پێبێت".
