لێکۆڵینەوە لە بارەی هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەی بەغدا دەستیپێکرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە،دەستەی دەستپاکی رایگەیاند دەستیکردووە بە ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی گشتگیر سەبارەت بە شەپۆلی پیسبوونی هەوا و ئەو بارستە دووکەڵەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئاسمانی بەغدای پایتەختی داپۆشیوە.
دەستەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە "فەرمانگەی خۆپاراستن تیمێکی تایبەتمەندی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو هۆکارانەی دەبنە هۆی دەرچوونی هەڵم و دووکەڵ و گاز و بۆنە زیانبەخشەکان کە بوونەتە هۆی حاڵەتی تەنگەنەفەسی و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە بۆ دانیشتووانی بەغدا، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەرکەکانیدایە لە بەدواداچوونی ئەدای دامەزراوەیی و چارەسەرکردنی دیاردەکانی کەموکوڕی کە پەیوەستن بە تەندروستی هاووڵاتییان و سەلامەتی ژینگەوە".
ئاماژەی بەوەش داوە، کە "تیمی کارکردن دەستیان کردووە بە سەردانکردنی ژمارەیەک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەوانە: وەزارەتی ژینگە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ژینگە، و ئاماژەی بەوەش کردووە کە تیمەکەی بە شێوەیەکی چڕ کار دەکات بۆ تەواوکردنی سەردانەکان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە، لەوانە: بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی پیشەسازی و کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، جگە لە فەرمانگەی پاشماوە ڕەقەکان لە شارەوانی بەغدا".
هەروەها وتیشی: "ڕاپۆرتی کۆتایی ئەنجامی سەردانەکان و هەڵسەنگاندنە مەیدانییەکان و ڕاسپاردەکان لەخۆدەگرێت کە ئامانجیان کەمکردنەوەی سەرچاوەکانی پیسبوون و چارەسەرکردنی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی دووکەڵ و گازە زیانبەخشەکانە؛ بە مەبەستی پاراستنی تەندروستی گشتی و ژینگە لە پارێزگای بەغدا.
