مەندەلاوی: نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق هاوبەشێكی سەرەكی بوو
ئەمڕۆ شەممە جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دووپاتی كردەوە كە نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاریكاری عێراق (یۆنامی) هاوبەشێكی سەرەكی بووە لە بنیاتنانی سیستمی سیاسی نوێی عێراقدا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان لە بەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە ڕایگەیاند: موحسین مەندەلاوی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان، بەشداری لە مەراسیمی كۆتایی ڕەسمی ئەركی نێردەی هاوكاری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق (یۆنامی) كرد، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك سەركردەی سیاسی و وەزیر و باڵیۆزی دیپلۆماسی نوێنەرایەتییەكان لە بەغدا.
بەگوێرەی بەیاننامەكە مەندەلاوی جەختی لەوە كردەوە : كە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق هاوبەشێكی سەرەكی بووە لە بنیاتنانی سیستەمی سیاسی نوێی عێراق و بە پاڵپشتیكردنی پرۆسەی دیموكراسی و بەرزكردنەوەی سەقامگیری و هاوكاریكردنی هەوڵە نیشتمانییەكان لە چەسپاندنی بناغەكانی دەوڵەت و بنیاتنانی دامەزراوەكانی بە شێوەیەكی كاریگەر بەشداریی لە لایەنە جۆراوجۆرەكانی ژیانی سیاسی و دامەزراوەیی كردووە.
