پەرلەمانتارێک: کاتی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە ئێستادا گونجاو نییە
پەرلەمانتارێک: کاتی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە گونجاو نییە و بۆیە دۆسیەکە گواسترایەوە بۆ کاتێکی تر.
پەرلەمانتاری پارێزگای سلێمانی و ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، دارا حەمە ڕۆژی یەکشەممە دواخستنی دۆسیەی گۆڕانی هەڵەبجە بۆ پارێزگا ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا کاتەکەی نییە لەبەر زۆر هۆکار.
دارا حەمە لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی "موتەڵع" وتی: "هاوڕاییەکی سیاسی تەواو هەیە بۆ دەنگدان لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، بەڵام کاتەکە گونجاو نییە بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک نەبێت"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەندێک لایەن دەیانەوێت لە ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پارێزگا دروست بکەن، تاکو ئەم دەرگایەش نەکرێتەوە"، وتیشی: "هەڵەبجە پارێزگایە لەبەر ئەوەی سەر بە هەرێمی کوردستانە، بەڵام بۆ بەغدا ئاوا نییە و دەنگدان لەسەر دروستکردنی ئەو پارێزگایە ئەخلاقییە".
جەختی کردەوەش، "هەڵەبجە شایەنی ئەوەیە پارێزگار بێت و ئەمەش کەمترین شتێکە کە دەتوانرێت پێشکەشی بکرێت و هەموو کەسێک دەزانێت چی بەسەر ئەم شارەدا هاتووە".
