دیپلۆماتکارێکی ئیسرائیلی لە پایتەختی چین لەلایەن هاوڵاتییەکەوە بە چەقۆ لێیدرا
دیپلۆماتکارێکی ئیسرائیلی ڕۆژی هەینی لە پەکین-ی پایتەختی چین لەلایەن هاوڵاتییەکی بیانییەوە بە چەقۆ لێیدرا.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی چین و پۆلیسی پەکین، ئەو دیپلۆماتکارە تەمەنی 50 ساڵە و لە ناوچەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل هێرشی نەکراوەتە سەر.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وتی: دیپلۆماتەکارەکە کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیلە لە پەکین لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیە و دۆخی جێگیرە، لە کاتێکدا بەرپرسانی خۆجێی لە پەکین دەڵێن کە تۆمەتبارە گومانلێکراوەکە هاوڵاتییەکی بیانی تەمەن 53 ساڵە و ئێستا وەک بازرگانێک لە شارەکە کار دەکات و لێکۆڵینەوە لە پاڵنەری ئەم کردەوەی لەگەڵ دەکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا هاوسۆزی خۆی بۆ ئەو دیپلۆماتكاره ئیسرائیلییە دەربڕیوە و ڕایگەیاند، "چین هەمیشە گرنگییەکی زۆری بە ئاسایشی بیناکانی و کارمەندانی ڕێکخراوە دیپلۆماسییە بیانییەکانەوە داوە لە چین و بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی ئاسایشی ئەمنی".
باڵیۆزی ئەمەریکا لە چین نیکۆلاس بێرنز ڕۆژی هەینی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیبووی کە "تووشی شۆک" بووە لەم ڕووداوە و لەگەڵ باڵیۆزی ئیسرائیل لە چین ئیریت بن ئەبا قسەی کردووە و پشتیوانی لە کۆمەڵگەی ئیسرائیل و باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە چین کردووە.
