سەرۆک کۆمار لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی (FAO) کۆدەبێتەوە
سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ دووشەممە، پێشوازیکرد لە بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ شو دۆنیۆ لە پەراوێزی کۆبونەوەکانی کۆڕبەندی جیهانی خۆراک، کە ڕێکخراوەکە لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەی دەبات.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند:ـ لە میانی دیدارەکەدا ، سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە حکومەتی عێراق گرنگییەکی زۆر بە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری دەدات، بەو پێیەی بە پایەیەکی بنەڕەتی و خاڵی دەستپێک دادەنرێت بەرەو گەیشتن بە ئامانجەکانی بەرنامەی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ لە پێشخستنی گەشەپێدانی بەردەوام لە وڵاتدا ، هەروەها پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست وەک تەندروستی، فێرکردن، و باشترکردنی شێوازی کشتوکاڵی و ئاودێری.
هەروەها سەرۆک کۆمار دوپاتیکردەوە لە پەرۆشی عێراق بۆ بەردەوامی و کاراکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لەگەڵ هەموو ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوولا بکات لە دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیردا.
سەرۆک کۆمار ئاماژەیشی بەوە کرد کە عێراق لە ئەنجامی کەمی ئاستی بەردانەوەی ئاو لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و لقەکانی بە هۆی سیاسەتی ئاوی وڵاتانی خاوەن سەرچاوەی ئاو ڕووبەڕووی قەیرانێکی توندی ئاو بووەتەوە، هەروەها خراپ بەکارهێنانی ئاویش بۆتە هۆی ئەوەی کە دوو هێندە کاریگەری لەسەر عێراق دروست بکات، جگە لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە وشکەساڵی و بەبیابانبوون کاریگەری دروست کردوە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو پلانانە هەبووە کە بۆ باشترکردنی کشتوکاڵ و ژینگە داڕێژراون.
سەرۆک کۆمار هیوای خواست بتوانن هاریکارییەکانی نێوان عێراق و ڕێکخراوی FAO گەشە پێبدەن بۆ پەرەپێدانی پلان و هەماهەنگی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و خستنەوەگەڕی ڕۆڵی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی دۆسییەی ئاوارەکان و کۆتاییهێنان بەو دۆخە سەختەی تیا دەژین و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان دوای ئەوەی ناوچەکانیان نۆژەن و ئاوەدان دەکرێتەوە.
لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە گرنگی هەوڵە نێودەوڵەتییە هاوبەشەکان بۆ بەدەستهێنانی ئاسایشی خۆراک، بنبڕکردنی برسێتی، باشترکردنی خۆراک، و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی سیاسەتی برسیکردن یان سەپاندنی گەمارۆ بەسەر گەلان بەهۆی کاردانەوەی مرۆیی مەترسیدار.
سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە بەڕێز دۆنیۆ کرد بە بۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە بەڕێوەبرەنی ڕێکخراوەکەدا.
لە بەرامبەردا بەڕێز شو دۆنیۆ جەختیکردەوە لە پەرۆشی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ بۆ درێژەدان بە پەیوەندی و هاریکاری لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا بە شێوەیەک کە گەشەسەندنی بەردەوام بەدەستبهێنێت و سەقامگیری و پێشکەوتن و گەشەسەندن پەرەپێبدات.
دۆنیۆ ستایشی ئەو پێشکەوتنانەی کرد لە عێراق بەدیهاتوون لەگەڵ هەوڵە بێوەچانەکان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها روناکی خستە سەر پڕۆژە گەورە و کاریگەرەکان لە بواری پاڵپشتیکردنی گەنجان و پڕۆژە ژینگەدۆست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستای پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا، بەتایبەتی دیاردەی بەبیابانبوون و کەمی ئاو.
دواتر سەرۆک کۆمار لە پەرتوکی زێڕین وتەیەکی نووسی کە تیایدا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بارەگای ڕێکخراوەکە دەربڕی، جەختیکردەوە لەسەر خواست و پەرۆشی بەردەوام بۆ دامەزراندنی پەیوەندییە هاوبەش بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا بکات، و هەماهەنگی پێکەوە بەرەو سیستەمی کشتوکاڵی و خۆراکی کارامە ببات کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی هەبێت، بەرگەی گۆڕانی کەشوهەوا بگرێت و کاربکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان.لە میانەی داڕشتنی یاساکانی ڕێکخراوەکە بۆ دابەشکردنی ئاو لە نێوان وڵاتاندا بە شێوەیەکی بەپێ پێداویستی وبە دادپەرورانە.
لە دیدارەکەدا وەزیری کشتوکاڵ، د.عەباس جبر عەلیاوی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران جەبار فرێیح عەباس و نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا فارس عیسا ئامادەی بوون.
