سودانى سەرۆکایەتی حەوتەمین کۆبوونەوەی ئاسایی باڵیۆزانی عێراق دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانى ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکایەتی حەوتەمین کۆبوونەوەی ئاسایی باڵیۆزانی عێراقی کرد کە نوێنەرن لە وڵاتانی عەرەبی و بیانی بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوە و ستافی پێشکەوتوو لە وەزارەت.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیانامەیەکدا رایگەیاند:-سودانی هەڵوێستی فەرمی عێراقی خستەڕوو سەبارەت بە پێشکەوتنە هەرێمییەکانی ئەم دواییە، بەتایبەتی پرسی فەڵەستین و جەختی کردەوە لە پەیوەندیکردن لەگەڵ بازنە عەرەبی و نێودەوڵەتیدا بۆ ئاگربەست و دابینکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ گەلی گەمارۆدراوی فەڵەستینمان لە غەزە.
سودانی ئاماژەی بەوەدا کە هەڵوێستی عێراق هاوتایە لەگەڵ هەڵوێستی مێژوویی گەل و مەرجەعە ئاینیی و سەرکردە سیاسییەکانی و جەختیشی لەسەر نێردە دیپلۆماسییەکانی عێراق کردەوە کە پێویستە هەڵوێستی ڕوونی عێراق ئاشکرا بکەن لەسەر پرسی فەڵەستین، کە ئێمە بە پرسێکی بنچینەیی و بیر و باوەڕی دەزانین.
هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەو دەستکەوتانەی خستەڕوو کە لە بەرنامەی حکومەتدا ئەنجام دراون، لەڕووی خزمەتگوزاری و ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری و بێکاری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چاکسازی لە دۆسیەی ئابووری، هەروەها پێداچوونەوەی بەو دەرفەتە ئومێدبەخش و ئایندەیەدا کرد کە حکومەت وەبەرهێنانی تێدا دەکات لە کەرتی نەوت و پیشەسازی ستراتیژی و گازدا، و عێراق دەچێتە بازاڕی گازی جیهانییەوە لە ماوەی 3-5 ساڵدا خۆبژێوی بەدەست دەهێنێت، و ئاماژەشی بەو بەربەستانە کرد کە ڕووبەڕووی کاری حکومەت بوونەتەوە لەو کاتەوەی کە ئەرکەکانی گرتووەتە ئەستۆ تاکوو ئەمڕۆ هەروەها ئەو ڕێگایانەی کە پەیڕەوی کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان.
سەرۆک وەزیران ژمارەیەک ڕاسپاردەی پێشکەش بە باڵیۆز و نێردە دیپلۆماسییەکان کرد بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق و ڕەنگدانەوەی وێنەی عێراق لە دەرەوە و تیشک خستنە سەر ڕۆڵ و گرنگییە مێژوویی و ئابوورییەکەی، هەروەها فەرمانی کرد بە پێویستی پەیوەندی بەردەوام و ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمەڵگە عێراقییەکانی دەرەوە و جەختیشی لەوە کردەوە کە یەکێک لە ئەرکەکانی نێردە دیپلۆماسییەکان لە دەرەوەی وڵات بەستنەوەی پێکهاتەکانە بە وڵاتەکەیانەوە لەگەڵ هاندانی هونەرمەندان و ڕۆشنبیران بۆ پەیوەندیکردن و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانیان بۆ عێراق، بەڕێزیان فەرمانی کرد بە پێویستی پەرەپێدان بە میکانیزمەکانی کارەکانی وەزارەتی دەرەوە و هەڵبژاردنی باڵیۆزەکان لەسەر بنەمای ئەزموون و پیشەیی و لێهاتوویی نەک لەسەر بنەمای پەیوەندی حیزبی.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سودانی ئاماژەی بەوەکرد کە عێراق بە جددی هەوڵدەدات ئەو کەسانە بگەڕێنێتەوە کە بە تۆمەتی گەندەڵی و پارە دزراوەکان تاوانبارکراون، ئەمەشی کردووە بە پێوەرێک بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان و ئاماژەی بە نوێنەرایەتیکردنی عێراق کرد لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە دەبێت هاوشان بێت لەگەڵ بەشدارییە داراییەکانی عێراق و بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکە لە ڕێگەی ئەم نوێنەرایەتییە نێودەوڵەتییەوە.
