حکومەتی ئێران گەشتکردن لە خێزانی ژینا ئەمینی قەدەغەکرد
بەپێی ئەو هەواڵانەی میدیاکانی سەر بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، کە شەوی ڕابردوو (8ـی کانونی یەکەمی 2023) بڵاوکراوەتەوە، هەریەکە لە ئەمجەد ئەمینی و موژگان فخاری و ئەشکان ئەمینی، دایک و باوک و برای ژینا ئەمینی، لە کاتێکدا چوونەتە فڕۆکەخانەی خومەینی لە تاران، بە مەبەستی گەشتکردن بۆ فەڕەنسا بۆ ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی پێدانی خەڵاتی ساخارۆڤ بە ژینا، پێیان ڕاگەیاندراوە گەشتکردنیان لێ قەدەغەکراوە و هاوکات دەستگیرا بەسەر پاسپۆرتەکانیاندا.
کچە کورد ژینا ئەمینی لە 22ـی تەممووزی 2000 لە شاری سەقز لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، لە ڕۆژی 13ـی ئەیلوولی 2022 لە تاران پایتەختی ئێران بە بیانووی نەگونجاویی حیجابەکەی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ڕژێمی ئێران دەستبەسەر کرا و بەھۆی ئەشکەنجە و لێدان دوای سێ ڕۆژ لە 16ـی ئەیلوولی 2022، لە نەخۆشخانەی کەسرا لە تاران کۆچی دواییی کرد.
مردنی ژینا ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی لێکەوتەوە، ھەروەھا لە ئەنجامی کوژرانی ژینا ئەمینیدا جوڵانەوەی جیھانی بە درووشمی «ژن ژیان ئازادیی» سەری ھەڵدا و ئەو بزووتنەوەیە لە ساڵی 2023 لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە وەک کاندید بۆ خەڵاتی ساخارۆڤ ھەڵبژێردرا بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ.
