جێگری سەرۆكی هەرێم پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی نوێی فەرەنسا دەكات
ئەمڕۆ چوارشەممە،مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە یان برێم، کونسوڵی گشتیی نوێی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی هەرێم لەبەیانامەیەکدا رایگەیاند:"لە دیدارێکدا دوایین ئاڵنگاری و پێشهاتە سیاسییەکان و هەڵومەرجی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە، هەنگاوەکانی بنیادنانی سوپایەکی دامەزراوەیی و پرۆسەی چاکسازی و یەكخستنەوەی پێشمەرگە، کێشەكانی هەولێر ـ بەغدا، پرسی نەوت و بڕیاری دادگای پاریس لەمبارەیەوە، هۆكارەكانی دواکەوتنی مووچە و پرۆسەی خوێندن، خراپیی ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی كوردستان، خرانە بەر باس و گفتوگۆ".
ئاماژەی بەوەکرد" جێگری سەرۆک وێڕای پێشكەشكردنی پیرۆزباییی دەستبەكاربوون بۆ كونسوڵی گشتیی نوێی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان، هیوای سەرکەتنی لە ئەرکە نوێکەیدا بۆ خواست، سوپاسی فەرەنساشی کرد کە پشتیوان و هاوکارێکی گرنگی گەلی کوردستان بوون لە قۆناغە جیاوازەکاندا، هەروەها جەختی لە گرنگیی بوونی ستراتیژێكی هاوبەشی نیشتمانی و یەكهەڵوێستیی نێوان لایەنە سیاسییەكان كردەوە بەرامبەر بەو دۆخە هەستیارەی ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت".
بەپێی بەیانامەکە تاوتوێكردنی بەرەوپێشبردنی زیاترى پەیوەندییەكان لە بوارە جیاوازەكاندا و چەند بابەتێكی جێی بایەخی هاوبەش، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
