قوباد تاڵەبانی: بەشداری بەرچاو لە هەڵبژاردن دا بکەن
قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، سەردانی خانەقینی کرد و لەگەڵ شێرکۆ میروەیس لێپرسراوی مەڵبەند و ئەندامانی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوەوە
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی هەینی، ١٥ی دیسەمبەری ٢٠٢٣ بە ئامادەبوونی د.خەسرەو گوڵ محەمەد، نوێنەری سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ ئەنجومەنەکانی یەکێتی بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی ئێستای خانەقین و ئەو کێشە و گرفتانەی رووبەڕووی دانیشتوانی خانەقین دەبنەوە
لێپرسراوی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال دوای گوێگرتن لە بیر و بۆچوونی ئەندامانی مەڵبەند، رایگەیاند:" ئەرکی لێپرسراو و کادرانی یەکێتییە لەناو خەڵکدابن و بەدەم داواکارییەکانی هاوڵاتییانی خانەقینەوە بچن، چونکە داواکاری دانیشتوانی خانەقین، داواکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە" .
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردن کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بە گرنگیی بەشداری هاوڵاتییان کرد لە هەڵبژاردنەکاندا و داوایکرد:" لێپرسراو و کادرانی یەکێتی هەموو هەوڵێک بدەن تا خەڵکێکی زیاتر بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن" .
هەروەها داواشیکرد بە چاوکراوەییەوە چاودێری پرۆسەکە بکەن و یارمەتیدەربن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد تا مافی دەنگدەران نەفەوتێت.
وتیشی:" کاندیدەکان پاش سەرکەوتنیان، ببنە خزمەتکاری خەڵک، چونکە ئامانجی بەرپرسیارییەتی دەبێت خزمەتکردن بێت نەک بەرژەوەندی تایبەت" .
