لە لەندەن بنكەی دەرهێنانی پاسپۆڕتی ئەلیكترۆنی عێراقی كرایەوە
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بنكەیەكی ئەلیكترۆنی دەرهێنانی پاسپۆرتی سەفەری عێراقی لە لەندەن كرایەوە و دانیشتووانی دەرەوەی وڵات دەتوانن مامەڵەكانی نوێكردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆڕتی عێراقی بەهۆیەوە ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ هەینی 15ی كانوونی یەكەمی 2023، لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتیی باری شارستانی و پاسپۆڕت و نشینگە، بنكەیەكی ئەلیكترۆنییان لە باڵوێزخانەی عێراق - لەندەن كردووەتەوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ دەرهێنانی پاسپۆڕتی عێراقی بە شێوەی ئەلیكترۆنی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی كە پێویستیان بە نوێكردنەوەی پاسپۆڕت یا دەرهێنانیانە و لە دەرەوەی وڵات دەژین.
لە بەیاننامەكەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هاتووە، كردنەوەی ئەم بنكەیە لە بەریتانیا، دەبێتە پازدەهەمین بنكەی دەرهێنان و نوێكردنەوەی پاسپۆڕتی ئەلیكترۆنی و بەردەوامیش دەبن لە كردنەوەی ئەم بنكانەی دەرهێنانی پاسپۆڕتی ئەلیكترۆنی لە تەواوی باڵوێزخانەكانی عێراق لە وڵاتانی تری دنیا.
