کۆسرەت رەسوڵ عەلی: ئاڵای کوردستان شکۆو شانازی هەموو کوردێکە
کۆسرەت رەسوڵ عەلی لە رۆژی ئاڵادا پەیامێک بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت:"ئاڵای کوردستان، رەمزی شکۆو شانازی هەموو کوردێکە، ساڵەهایە خەبات دەکەین و قوربانی دەدەین لەپێناو شەکانەوەی ئەم ئاڵایە".
کۆسرەت رەسوڵ عەلی لەدەقی پەیامەکەیدا وتی"ئاڵای کوردستان، رەمزی شکۆو شانازی هەموو کوردێکە، ساڵەهایە خەبات دەکەین و قوربانی دەدەین لەپێناو شەکانەوەی ئەم ئاڵایە.
لە هەموو سەردەمە جیاوازەکان، لە بەرامبەر رژێمە دیکتاتۆرەکان و داگیرکەران".
وتیشی"پێشمەرگە بە خوێن بەرگری کردووە لە خاک و ئاڵای پیرۆزی کوردستان، هەزاران شەهیدمان داوە لەم پێناوەو خەبات بەردەوامە لە پێناو خاک و شەکانەوەی ئەم ئاڵا پیرۆزە.
رایشگەیاند"ئەمڕۆ، دەرفەتێکی زێڕین هاتۆتە پێش بۆ دانیشتوانی کەرکووک و خانەقین، شەنگال و دوزو سەرجەم ناوچە کوردستانییەکان، بە چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان رۆحی شەهیدان شاد بکەن و ئاڵای کوردستان بشەکێننەوەو کوردستانی بوونی کەرکووک دووپات بکەنەوە.
کۆسرەت رەسوڵ وتیشی"لەم رۆژە پیرۆزەدا، هەموومان دەست لەسەر سینگ بەرامبەر گڵکۆی سەربەرزی شەهیدان و لەپێناو هەمیشە شەکانەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان خەبات دەکەین تا دواسات بۆ گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکانمان".
