ئەمڕۆ دەبێتە 113 ڕۆژ لە ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لەلایەن ئاسایشەوە
ئەمڕۆ دەبێتە 113 ڕۆژ لە ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە، لە دژی ئەمەش زیاتر لە 215 ڕۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار، کەسایەتیی و دەزگا و ڕێکخراوی جیاواز، کەمپەینێکیان بۆ ئازادیی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ڕاگەیاند و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەکەن.
ماوەى 113 ڕۆژە سلێمان مەحەممەد ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسى (ڕۆژنیوز) لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە، لە دەروازەی فیشخابوور بەبێ هیچ هۆکارێک ڕفێندراوە و تا ئێستاش بێسەروشوێنە، لە پاش شەش ڕۆژ لە ڕفاندنی درەنگانی شەوی 30ـی مانگى تشرینی یەکەمی 2023، ئاسایشی دهۆک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دانی پێدا نا کە ئەو ڕۆژنامەنووسەی دەستگیرکردووە بە بیانووی کارکردن لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
ئاژانسی ڕۆژنیوز کە ڕۆژنامەنووسی ناوبراو تێیدا کاردەکات پێشتر ڕایگەیاند کە سەلامەتی سلێمان ئەحمەد لە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە هۆکاری دەستگیرکردنیەتی.
