سەرۆک کۆمار: عێڕاق دەرفەتێکی لە بەردەمدایە بۆ پێشکەوتن و پەرەپێدان
سەرۆک کۆمار عەبدولەتیف جەمال ڕەشید،ئەمڕۆ دووشەممە ،جەختیکردەوە کە عێڕاق دەرفەتێکی لەبەردەمدایە بۆئەوەی ببێتە پێشکەوتووترین وڵاتی ناوچەکە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆمار لەبەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە :-کە سەرۆک کۆمار ئەمڕۆ لەکۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە پارێزگاری بەسڕە ئەسعەد عیدانی، لەسەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار مەرسومی کۆماری بەدامەزراندنی وەک پارێزگاری بەسڕە ڕادەستی عیدانی کرد وپیرۆزبایی لێکرد بەبۆنەی وەرگرتنی پلەی پارێزگاری بەسڕە.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ پارێزگای بەسڕە وبۆ هاووڵاتیانی، بە جێبەجێکردنی پڕۆژەوپێشخستنی شارەکە، پێداگریشی لەوەکرد کە هاووڵاتیانی بەسڕە شایانی ئەوەن خزمەتی زۆریان بکرێت.
وتیشی عێڕاق وڵاتێکی دەوڵەمەندەبە داهاتی سروشتی ومرۆیی ودەرفەتی پێشکەوتنی بۆ ڕەخساوە.
ڕوونیشی کردەوەکە دەرگاکانی سەرۆکایەتی کۆمار واڵایە بۆ پشتیوانیکردنی پارێزگاکە لەهەموو ڕوویەکی ڕۆشنبیری وئەدەبیەوە بۆ گێڕانی ڤیستفاڵ و پەڵەوانێتیە وەرزشیەکان.
لەلایەن خۆشیەوە پارێزگاری بەسڕە باسی لە کۆششەکانی کرد بۆ باشکرنی بارودۆخی پارێزگاکە لەهەموو ڕوویەکی بازرگانی و ئەمنی و ئابووریەوە، جگەلە پلانەکانی دابینکردنی ئاوی پاک و دابینکردنی هەلی کار کە بەبەردەوامی ئیشی لەسەردەکرێت.
