ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشە چەکدارییەکەی مۆسکۆ دەکات
بەرپرسانی کۆشکی سپی، ئەنجومەنی ئاسایش و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایانگەیاند، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە سامناکەکەی سەر مۆسکۆ دەکەن، داعش دوژمنێکی هاوبەشە و پێویستە لە هەمو جێگەیەک بەرەنگاریان ببنەوە، هەست و سۆزیان لەگەڵ قوربانییەکان و گەلی روسیایە.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بە هەمو شێوەیەک سەرکۆنەی تیرۆر دەکەن و لەگەڵ گەلی روسیا دەوەستنەوە لەو کارەساتە دڵتەزێنەی بوە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین کەس.
هەر لەو بارەیەوە کارین ژۆن پیێر وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆرستییەکەی سەر مۆسکۆ دەکەن، رێکخراوی داعش دوژمنێکی هاوبەشە و پێویستە لە هەمو شوێنێک بەرەنگاریان ببنەوە.
هاوکات جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمرێکا لە لێدوانێکدا وتی، "دەبێت هەستەکانمان لەگەڵ قوربانییەکانی ئەو هێرشە ترسناکەی سەر مۆسکۆ بێت."
شەوی هەینی، ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر هۆلێکی بۆنە و ئاهەنگەکان لە دەوروبەری شاری مۆسکۆی پایتەختی روسیا و بەهۆی هێرشەکەوە 133 کەس کوژران و 100 کەسی دیکەش برنداربون.
