سەرباری پێشێلکارییەکان ئەمریکا بەردەوامە لە پشتیوانییەکانی بۆ ئیسرائیل
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رايگەياند، پێنج یەکە لە سوپای ئیسرائیل پێش شەڕی غەززە پێشێلکاریی جددی مافی مرۆڤیان ئەنجامداوە، بەڵام پشتیوانیی سەربازی ئەمریکا بۆ ئەوان نابڕدرێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیل لە چوار یەکەدا رێوشوێنی چاکسازیی گرتووەتەبەر و زانیاریی زیاتری سەبارەت بە یەکەی پێنجەم خستووەتەڕوو، ئەمەش واتای ئەوەيە هەموو یەکەکان بە شایستەیی هاوکاریی سەربازیی ئەمریکا دەمێننەوە.
راشيگەياندووە، هەموو ئەو پێشێلکارييانەی سوپای ئيسرائيل پێش شەڕی غەززە ئەنجامیداوە چاودێریکراون، چ ئەوانەی لە سنووری غەززەدا کراون ياخود ئەوانەی لە دەرەوەی کەرتی غەززە روویانداوە.
يەکێک لەو يەکانە، یەکەی نیتساح یەهودايە، کە بە یەکەى سەربازە توندەڕەوەکانى ئیسرائیل ناسراوە، بیروبۆچوونى سەربازانى ئەم یەکەیە، راسترەوى توندەڕەون، پێشتر لە ميدياکاندا وا بڵاوکرايەوە ئەگەری هەيە ئەمريکا سزای بەسەردا بسەپێنێت و هيچ هاوکارییەک نەدات بە يەکەکە.
واشنتن پاڵپشتی سەرەکی سەربازیی ئیسرائیلە، لەڕێگەی یارمەتییەکانەوە ساڵانە بڕی 3.8 ملیار دۆلار لە چەک و سیستەمی بەرگری پێشکەش دەکات، لە نوێترین پاکێجی هاوکاريدا بڕی 26 مليار دۆلار هاوکاری پێشکەش بە تەلئەڤيڤ کرد.
