سەرۆک وەزیران سەرۆکایەتی دووەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری ژنان دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانى، ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکایەتی دووەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای کاروباری ژنانی کرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوەلە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی لیژنەی پەرلەمان بۆ ژنان و خێزان و منداڵان خاتوو دونیا عەبدولجەبار شەمەری ئامادەبوو و تاوتوێی یاسای پاراستنی منداڵان و گرنگی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی یاسادانان کرا بۆ تێپەڕاندنی ئەم یاسا گرنگە لە ئەنجومەنی نوێنەران، هەروەها گفتوگۆ کرا لەسەر پڕۆژە یاسای پاراستنی توندوتیژی خێزانی و کاریگەرییەکانی لەسەر بەهێزکردنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی لە عێراق.
هەر لە کۆبوونوەکەدا ئەنجومەنەکە گفتوگۆی گرنگی ئەنجامدانی کۆڕبەندی عەرەبی بۆ ژنانی کرد لە بەغدا بۆ تاوتوێکردنی گرنگترین بابەتەکانی ژنانی عەرەبی و بوارە پەیوەندیدارەکانی ئەولەویەتی سیاسی و یاسایی و ئابووری و کۆمەڵایەتی.
ئەنجومەنەکە تاوتوێی گرنگی بنیاتنانی دامەزراوەیی کرد بۆ ژنان لە جومگەکانی دەوڵەتی عێراقدا لەڕێگەی جەختکردنەوە لە پشتیوانیکردنی بەشەکانی کاروباری ژنان لە ئەو وەزارەت و پارێزگا و دامەزراوانەی کە پەیوەندییان بە وەزارەتێکەوە نییە، هەروەها وەزیری دارایی وەک جێگری ئەنجومەنی باڵای کاروباری ژنان دەست نیشان کرا.
