یەکێتیی ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی هێرشکردنەسەر کاندیدی شاڵاو کۆسرەت رەسول بڵاودەکاتەوە
ڕوونکردنەوەیەک لە لیستی (١٢٩) یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە
کاروان گەزنەیی، وتەبێژی لیستی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بەداخەوە جارێکی تر لە ڕێگەی نانەوەی ئاژاوە، بەهۆی ترس لە هەڵبژاردن و شکستی هەڵبژاردن، لە ماوەی چەند ڕۆژێکە، دووەم جارە لە ڕێگەی کاری ئاژاوەگێڕییەوە، هەوڵ بۆ تێکدانی هەڵبژاردن دەدرێت.
دەشڵێت: دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە (30ـی ئەیلوولی 2024) لەکاتی بەشداری کردنی شاڵاو کۆسرەت رەسول لە پرسەی کۆچکردوو (تۆفیق حاجی حەمەکە) کە خانەوادەیەکی یەکێتین، کوڕێکی (قەهاری سابیر عەلکە) لەناو مزگەوت قسەی نەشیاو دەکات، لە بەرامبەردا، لەپای ڕێزگرتن لە حەرەمی مزگەوت و نەریتی کۆمەڵایەتی و ئایینی میللەتەکەمان و خانەوادەی کۆچکردوو ، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ وەڵامی ناداتەوە، هەرچەندە لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەوە دووەم جارە ئەم ئاکارە ناشیرینە لە بازاڕی هەولێر و لە حەرەمی مزگەوتیش دووبارە بووەتەوە، پاشان پاسەوانەکانی قەهار لەکاتی جێهێشتنی مزگەوت لەلایەن شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، لە ناو مزگەوتەکەدا تەقە دەکەن، تەواوی ئەو کار و کردەوانە بە هەوڵی نەزۆک دەبینین بۆ تێکدانی ئارامی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا. ئەم کردارانەش بەڕوونی ترسن لە هەڵبژاردن و پێچەوانەی دروشمەکانی خۆیانن؛ ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە دۆڕان و شکست چاوەڕوانییان دەکات.
وتەبێژی یەکێتیی دەشڵێت: جارێکی تر، وەکو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، تەئکید لە بانگەشەیەکی هێمن و مەدەنی و دیموکراسی دەکەینەوە؛ و داواکارین لە هەموو لایەنەکان بانگەشەیەکی هێمن و ئارام بە ڕێوەببەن.
