کاندیدێک: لایەنێک بەناوی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان هەڕەشەی کوشتنیان لێکردم ئەگەر نەکشێمەوە
ڕامسی حیکمەت: لایەنێک بەناوی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان هەڕەشەی کوشتنیان لێکردم ئەگەر نەکشێمەوە.
ڕامسی حیکمەت، کاندیدی کورسی کۆتای مەسیحییەکان لە هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، من ڕامسی حیکمەت کاندیدی کۆتای مەسیحیم لەسەر لیستی جوڵانەوەی بابلیون لەپارێزگای هەولێر، دەمەوێت بۆ ڕای گشتی ڕوونبکەمەوە کە ئەمڕۆ لایەنێک بەناوی ئاسایش لە هەرێمی کوردستانەوە پەیوەندی پێوەکردم و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردم ئەگەر نەکشێمەوە لە کێبڕکێکردن بەرامبەر کاندیدێکی مەسیحی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان.
دەقی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەم تۆمارکردوە و سکاڵای یاسایی لەگەڵ بەڵگەکان دەنێرم بۆ هەریەک لە: بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر، سەرجەم کونسوڵخانەکان لە هەولێر، هەروەها کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بۆیە بەرپرسیارێتی سەلامەتی ژیانی خۆم و خێزانەکە،م دەخەمە ئەستۆی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشێوەیەکی ئاشکرا.
ڕامسی حیکمەت، کاندیدی پەرلەمانی کوردستان وتیشی: ئێمە لە جوڵانەوەی بابلیۆن نابینە شوێنکەوتەی هیچ کەسێک، لێرەین هەتا بەهێزی پێکهاتەکەمان نیشانبدەین و لەکەس ناترسین.
