لە گردبوونەوەی جەماوەری یەکێتیی لە دەڤەری ڕاپەڕین کۆمەڵێک لایەنگرانی ئەو حزبە برینداربوون
لە گردبوونەوەی جەماوەری یەکێتیی لە دەڤەری ڕاپەڕین، کۆمەڵێک لایەنگرانی ئەو حزبە برینداربوون.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، گردبوونەوەی جەماوەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەڤەری ڕاپەرین ئەنجامدرا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، هەر لەو گردبوونەوەیە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی ئامادەبوو و بەهۆی پێکدادان و زۆری لایەنگری ئە حزبە کۆمەڵێک کەس برینداربوون.
بافڵ تاڵەبانی دوای ئەو گردبوونە جەماوەرییە، پەیامێکی بڵاوکردە، هاوڵاتییانی خۆشەویست و سەربەرزی دەڤەری راپەڕین، لە قووڵایی دڵمەوە سوپاسگوزاری دڵسۆزی و جۆشوخرۆشی یەكێتییانەتانم، هاتن و ئامادەبوونتان گەورەیی بوو بۆ ئێمە و شانازی بەهەمووتانەوە دەكەم.
نزیكی و قسەكردن لەگەڵ ئێوە شەرەفێكی گەورەیە و دەمویست زیاتر لەگەڵتاندابم، بابەتی جیاوازتر باسبكەم و زۆرتر لەگەڵتاندا بمێنمەوە، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغیی بێشومار و جۆشوخرۆشی ئێوەی خۆشەویستەوە، ژمارەیەک لە ئازیزانمان ئازاریان پێگەیشت و لەبەر سەلامەتیی هەموولایەک، وتارەكەمان كورتكردەوە تاوەكو هیچ ئازیزێكیترمان تووشی نارەحەتی نەبێت.
سەلامەتی و تەندروستیی ئێوە بۆ ئێمە هەمووشتێكە، بۆیە دەستبەجێ تیمەكانی خۆم راسپارد تاوەكو لەنزیكەوە ئاگاداری دۆخی تەندروستیی ئەو ئازیزانە بن و لەگەڵیان بمێننەوە تاوەكو لە تەندروستییان دڵنیا دەبین.
هەروەها داوای لێبوردن لە هەموو ئەو خۆشەویستانە دەكەین كە بەهۆی گرفتی تەكنیكییەوە نەیانتوانی گوێبیستی وتەكانمانبن، بەڵام دڵنیاییان دەدەینێ ئەوەی وتومانە و دەیڵێین، جێبەجێی دەكەین.
جەماوەری خۆشەویست و سەربەرز
پەرۆشی و هەوڵی دڵسۆزانەتان بۆ سەرخستنی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبیرناكرێت، سوپاسی ئامادەیی و پشتیوانیتان دەكەین. دەیڵێمەوە و دڵنیاتان دەكەم من برای ئێوەم و بۆ هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانتان دەبم، لەهیچ وێستگەیەكدا جێتانناهێڵم و پێكەوە كۆتایی بە خۆسەپێنی دەهێنین، وەكچۆن ئێستا جۆشوخرۆشتان نەیارانی تۆقاندووە و دەنگی زوڵاڵی ئێوە ترسی لەدڵی هەموویاندا چاندووە.
