بەرەی تورکمانی بۆ یەکەمجار بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکات لەدەرەوەی سیستەمی کۆتا
بۆ یەکەمجار لەم هەڵبژاردنەی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەرەی تورکمانی لە دەرەوەی سیستەمی کۆتا بەشداری کێبڕکێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکات.
سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی، ئایدن مەعروف ئەم کارەی وەک هەڵوێستێک دژی بڕیاری دادگای فێدڕاڵی بۆ کەمکردنەوەی کورسی کۆتا ناوبرد و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە پێشتر لە میدیاکان زۆر باس لەوە دەکرا کە کۆتا بە دەنگێکی کەم دەچنە پەرلەمان و ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرەی تورکمانی هەبوو، ئەمەش یەکێک لە هۆکارەکانە کە وایکردووە بەرەی تورکمانی لە دەرەوەی کۆتا بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردن بکات.
سەرۆکی لیستی بەرەی تورکمانی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، ئایدن مەعروف لەبارەی بەشدارییکردنیان لە دەرەوەی سیستەمی کۆتا، بۆ میدیاکانی ڕاکەیاند: "ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا، چونکە وەک لیستی بەرەی تورکمانی لە دەرەوەی سیستەمی کۆتا بەشدار دەبین، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر کەمکردنەوەی کورسی کۆتا، بێگومان ئەمە ئاڵنگارییەکە بۆ ئەوەی بتوانین کورسی پەرلەمانیی بەدەست بهێنین، ئەمجارە ململانێی زۆری نێوان لایەنە سیاسییەکان هەیە، بۆیە ئەگەر هەڵبژاردنێکی شەفاف بکرێت ئەوا گرنگە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە".
ئایدن مەعروف وتیشی: "یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە کە پێشتر لە میدیاکان زۆر باس لەوەکرا کە کۆتا بە دەنگێکی کەم دەچنە پەرلەمان، ئەمە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئێمە دروستکرد بۆیەش بڕیارماندا لە دەرەوەی کۆتا بەشداربین".
هاوکات یەکێکی دیکە لە بەربژێرانی لیستی بەرەی تورکمانی ئاماژە بەوە دەکات کە لە چوونە دەرەوەیان لە سیستەمی کۆتا بووەتە مایەی خۆشحاڵی خەڵک و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە بڕیارەکەی دادگای فێدڕاڵی بۆ کەمکردنەوەی کورسی کۆتا بەرژەوەندی سیستەمی دیموکراسی نەبووە و دەستوەردانی سیاسیی تیادا کراوە.
پەرلەمانتاری پێشووی بەرەی تورکمانی و بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمان، هیمداد سەباح بۆ ئاژانسی ئانادۆڵی تورکی گوت: "بەرەی تورکمانی بۆ یەکەمجارە لە دەرەوی کۆتا بەشداریی هەڵبژاردن بکات، هەندێک زەحمەتە چونکە یەکەم ئەزموونە، بەڵام وەڵامدانەوەیەکی باش هەیە لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستان بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە لە ماوەی ڕابردوودا کۆتا بۆ بەرژەوەندی خەڵک نەبووە بۆیەش هەڵچوونێک لەناو تاکی تورکمان دەبینین و خەڵک دەستخۆشیمان لێ دەکەن کە بەشداری کۆتا نەبووین".
لەبارەی کەمکردنەوەی کورسی کۆتا و سیستەمی کۆتا لە ڕابردوودا، هیمداد سەباح گوتی: "پێشتر 5 کورسیمان هەبوو وەک پێکهاتەی تورکمان، لە ئەنجامی ئەو ململانێیە سیاسییەی کە هەیە، دادگای فیدڕاڵی کردی بە یەک کورسی (بازنەی هەولێر)، ئێمە ئەو بڕیارە بە نادادپەروەری دەبینین و نەدەبوو بەم شێوەیە بێت، ئەمە لە بەرژەوەندی سیستەمی دیموکراسی نیە و دەستوەردانی سیاسیی تیادا کراوە".
ئەو بەربژێرەی بەرەی تورکمانی جەختیش لەوە دەکاتەوە کە بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستوور نەبووە بۆیەش بۆشاییەکی زۆری یاسایی هەیە کە بووەتە هۆی پێشێلکردنی مافە ئایینی و نەتەوەییەکان و لەمبارەیەوە گوتی: "لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان دەستووری نیە، ئەوا بۆشاییەکی زۆر هەیە لە یاسادا، کە ئەمە بووەتە هۆی دەستوەردانی سیاسیی و مافخواردنی ئایینی و نەتەوەیی، پێکهاتەی تورکمان مافخوراوە، بۆنموونە تورکمان تا چەند بەشدارە لە دامەزراندن لە دامودەزگاکانی حکوومەت؟ هەروەها لە ئیدارەی خۆجێی لەسەر چ پێوەرێک پۆستەکان دابەش دەکرێن؟ بۆیە ئەمە وایکردووە گورز لە سیستەمی دیموکراسی بدات، ئەگەر لەم خوولەی پەرلەمان دەربچین دەمانەوێت زەمانەتی مافی سیاسیی، پەروەردەیی و کولتووریی تورکمان بکەین".
ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیارە ڕۆژی 20ی ئەم مانگە پڕۆسەی ھەڵبژاردن بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و تیایدا ھەزار و 191 بەربژێر کێبڕکێ لەسەر بەدەستھێنانی 100 کورسیی پەرلەمانی دەکەن.
