بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازی لە کەسایەتی دیاری بارزان و کوردستان ئەدهەم بارزانی کرد
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە کەسایەتی دیاری بارزان و کوردستان ئەدهەم بارزانی کرد.
لەدیدارێکدا بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی مەکتەبی ڕاگەیاندنی سەرۆکی یەکێتیی، دواپەرەسەندنەکان لەسەر ئاستی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە تاوتوێکرا و جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاری زیاتر لە نێوان هێزە شۆڕشگێڕەکان و دەربەستی کوردایەتی و کەسایەتییەکانی کرایەوە کە پەرۆشی بنیادنانی حکومڕانییەکی تەندروستن.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لەدیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی وێڕای بە گەرمی بەخێرهێنانەوەی لە تەندروستی پرسی و بەڕێزەوە لە رۆڵ و پێگەی بەڕێزیان و شێخانی بارزانی رووانی کە رۆڵیان لە خەبات و تێکۆشانی کوردایەتی و چاکەکاریدا دیار و بەرچاو بووە.
هاوکات شێخ ئەدهەم سوپاس و پێزانینی شێخانی بارزانی بە بافڵ تاڵەبانی گەیاند لەبەرامبەر وتارەکەی و نرخاندنی بۆ پێگەی شێخی بارزان و شێخ ئەحمەدی بارزانی، ووتی ئەوە جێگای ڕێز و تەقدیری هەموومان بوو و بەدڵ سوپاست دەکەین.
