شاسوار عەبدولواحید: ھەڵەی ھەندێک حزب دووبارە ناکەینەوە و متمانەی دەنگدەرانمان نافرۆشین
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ, شاسوار عەبدولواحید ڕایدەگەیەنێت کە پشت لە خەڵک و دەنگدەرانیان ناکەن و ناهێڵن دەنگەکانییان بەفیڕۆ بچێت و دەشڵێت: ھەڵەی ھەندێک حزب دووبارە ناکەینەوە و دەنگەکانییان نافرۆشین.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، ئاماژەی بەوەکرد کە 112 سکاڵایان لەبارەی سندوقەکانی دەنگدان لە کۆمیسیۆن تۆمارکردووە و ڕاشیگەیاند کە دوو داوای دیکەشیان بە جیا لە کۆمیسیۆن تۆمارکردووە بەوەی داتای سەرجەم سندووقەکانییان پێ بدەن و چاوەڕێی ئەنجامی سکاڵاکان دەکەن.
شاسوار عەبدولواحید وتیشی: "ڕاستە ئەم هەڵبژاردنە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی ئێمەدا نەبووە و حەتمەن زوڵمێک هەیە، بەڵام دەمەوێت ئەو داتایانەتان بۆ بخەمەڕوو کە پارتی و یەکێتیی لە هەڵبژاردنی پێشوودا 78 کورسییان هەبوو، ئێستا بووەتە 62 کورسی، ئەمەش بەهۆی بەشدارییکردنی خەڵکەوە بووە، ئەم ڕێژەیەی بەشدارییکردنی هاووڵاتییان کە کۆمیسیۆن ڕایگەیاندووە، بێگومان دروست نیە چونکە لە هەرێمی کوردستان چوار ملیۆن و 100 هەزار کەس لە سەرووی 18 ساڵییەوەن، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و 100کەسیان کارتی بایۆمەترییان نەبووە، واتا سێ ملیۆن کەس ماوەتەوە لەو ژمارەیەش ڕەنگە یەک ملیۆن و 850 هەزار کەس دەنگی ڕاستەقینەی خۆی بێت، بەڵام هەر باشترە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو، هەروەها دەنگدەران توانیوویانە دەنگەکانی دەرەوەی دەسەڵات لە 300 هەزار دەنگ بکەنە 600 هەزار دەنگ".
شاسوار عەبدولواحید باسی لەوەش کرد کە دەسەڵات و ھێزە ھاوپەیمانەکانی کاردەکەن بۆ بێھیواکردنی خەڵک لە دەنگدان و کار لەسەر ئەوە دەکەن بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی داھاتوو دەنگدەران بەشداری نەکەن و ئەوان سوود لە کەمی دەنگدەران وەربگرن، هاوکات داوای لە دەنگدەرانی نەوەی نوێ کرد کە بێھیوا نەبن.
لەبارەی ئەو هاووڵاتییانەی کە کارتی دەنگدانییان وەرنەگرتووەتەوە، شاسوار عەبدولواحید داوای لێیانکرد کە بچن کارتەکانیان وەربگرنەوە و لە ھەڵبژاردنی ساڵی داھاتووی پەرلەمانی عێراقدا پاڵپشتی لە ئۆپۆزسیۆن بکەن و خەباتێکی مەدەنی دژی دەسەڵات بگرنەبەر.
لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەوانان لەبارەی ئەگەری بەشدارییکردنی نەوەی نوێ لە کابینەی دەیەم، شاسوار عەبدولواحید گوتی: "حەز دەکەم هەموو شتێک یەکلایی بکەمەوە، ئێمە ناچینە ناو حکوومەتەوە و سێ بۆ چوار وەزارەت وەربگرین و بەشداری حکوومەت بکەین، بەڵکو پلانی ئێمە گۆڕینی دەسەڵاتە، پێمان باشە سەرۆکی حکوومەت نە لە پشکی پارتی و نە لە پشکی یەکێتیی بێت، ئەگەر هەر ڕۆژێک توانیمان سەرۆکی حکوومەت لە ژێر دەستی ئەوان بهێنینە دەرەوە، ئەوا ئەوکات بیر لەو بابەتە دەکەینەوە، لای ئێمە پارتی و یەکێتیی وەک سێوێکن کرابن بە دوو لەتەوە، بۆیە ئێمە چوار ساڵمان لەبەردەستە و لەناو هۆڵی پەرلەمان بەدیارە دەکەوێت کێ ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەیە".
