مەحموود مەشهدانی بە زۆرینەی دەنگ وەک سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا
کەمێک پێش ئێستا بە زۆرینەی دەنگ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ی تشرینی یەکەمی 2024، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی جێگرەوەی سەرۆکی لەکاربراوی پێشوو مەحەممەد حەلبووسی ئەنجامدا، لەئەنجامدا بە زۆرینەی دەنگ و دوای دوو خولی هەڵبژاردن، مەحموود مەشهدانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەک سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.
دوای هەڵبژاردنی مەحموود مەشهدانی وەک سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆزبایی دەرچوونی مەحموود مەشهدانی کرد و لە پەیامێکی نووسراودا دەڵێت؛ بەناوی خۆم و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پیرۆزباییتان لێدەکەین بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دڵنیاین کە ئێوە ئەنجومەنەکە بە تەواوی بەڕێوە دەبەن چونکە دڵنیاین ئامادەبوونی ئێوە ڕۆڵی گرنگی ئەنجومەنی نوێنەران دەگێڕێت بۆ تەواوکردنی ئەو مافانەی کە لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا لەکاتی پێکهێنانی ئەم حکومەتەدا یەکمان خستووە، هەموو پشتگیری و پشتیوانییەکتان هەیە بۆ ئەنجامدانی ڕۆڵە گرنگەکەتان.
هەروەها سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق دوای دەرچوونی بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند: پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان لە پرۆسەیەکی دیموکراسی و بێ کێشە بەرێوەچوو و گەلی عێراقیش شایستەی زۆرە.
